کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە وڵاتی ئاڵمان وێبنارێک بەڕێوە چوو

17:40 - 23 پووشپەڕ 2721

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێبینارێکی تایبەتی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە برد.

ناوەڕۆکی ئەم وێبینارە بەم چەشنەیە:

لە وڵاتی "ئاڵمان" وێبینارێک بەبۆنەی ٣٢هەمین ساڵیادی شەهیدانی "ڤییەن" بەڕێوە چوو.

ڕێبواران و قوتابییانی شەهید دوکتور "قاسملوو" و ڕێبازەکەی لە ٣٢هەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی ئەو ڕێبەرە هەڵکەوتوو و بلیمەتەی گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان بە بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی جۆراوجۆر یادیان کردەوە و تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لە درێژەی بۆنەکانی تایبەت بە یادی ٢٢ی پووشپەڕ ڕۆژی شەهیدکرانی کاک دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی، شەهیدان کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" ئەندامی کۆمیتە ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور "فازڵ ڕەسووڵ" دۆستی حیزب، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان وێبینارێکی تایبەتی بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەڕێزان دوکتور "حوسێن خەلیقی" ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزب و شارەزای سیاسی و کەسایەتیی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوکتور "ئیدریس ئەحمەدی" مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بەڕێوە برد.

لەو وێبینارەدا کە لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتیی " زووم " بەڕێوە چوو، دوکتور "حوسێن خەلیقی" لەسەر مێژووی تێرۆریزمی دەوڵەتیی داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەت تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ئامانج‌گرتنی تێکۆشەرانی کورد و لە سەرووی هەمووانەوە تێرۆرکردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بۆ بەشداربووان قسەی کرد و هۆکار و لایەنەکانی پەنابردن بۆ کردەوەگەلی قێزەون و ترسنۆکانەی وەک تێرۆر بۆ سڕینەوەی فیزیکیی ڕێبەرانی کورد و باقیی تێکۆشەرانی کورد لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامییەوە شی کردەوە.

لە پانێلی دووەمی وێبینارەکەدا، دوکتور ئیدریس ئەحمەدی باسێکی لە پێوەندی بە شەهید دوکتور "قاسملوو" و مەسەلەی سۆسیالیزم پێشکەش کرد.

دوکتور "ئیدریس ئەحمەدی" لە باسەکەیدا بەوردی سێ بڕگە لە ژیانی شەهید دوکتور "قاسملوو"ی هێنایە بەر باس و مەسەلەی سۆسیالیزم و میژووی سەرهەڵدانی بیری چەپ لە کوردستان و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی شی کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە داهێنانی چەمکی سۆسیالیزمی دێموکراتیک لەلایەن شەهید کاک دوکتور "قاسملوو" و هۆکاری گرینگی پێدانی حیزبی دێموکرات بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک و ڕۆڵ و نەقشی شەهید کاک دوکتور "قاسملوو" لە داهێنان و دیاریکردنی سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەک بەرنامە و ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کرد.

لە درێژەی بەرنامەکەدا، بەشداربووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان ڕوو لە کۆڕگێران کرد و بە پرسیار و وڵام پتر مژاری ویبینارەکەیان گەنگەشە کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ئاڵمان