کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان وێبینارێک لە وڵاتی "نۆڕوێژ" بەڕێوە چوو

18:03 - 2 رێبەندان 2721

ڕۆژی هەینی  ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی "نوروێژ" لە یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، وێبینارێکی بە کۆڕگێڕیی "فواد خاکی بەیگی" بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی و "تووبا ئەلیاسی" چالاکی سیاسی پێک ھێنا.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن "عەباس نامی" بەڕێوەبەری وێبینارەکە، ڕیزبەندی کاری وێبینارەکە خرایە بەرچاوی بەشداربووان.

هەروەها پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ لەلایەن "مەلا عەلی ڕەپۆشە" ئەندامی کۆمیتە لەو وڵاتە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا "فواد خاکی بەیگی" بابەتێکی لەژێر ناوی کۆماری کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستان، چ لە ڕابردوو چ لە ئێستادا، پێشکەش کرد.

"خاکی بەیگی" لە کاکڵەی باسەکەیدا ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ و جەوهەری لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا کرد کە بریتی بوون لە: "ئاشتی و پێکەوە ژیان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی نەتەوایەتی".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ناکرێ نەخش و کاریگەریی "پێشەوا قازی محەممەد" وەکوو ڕێبەرێکی کاریزماتیک لەبەرچاو نەگیرێ، ھەر لەو چوارچێوەیەدا ھەوڵی "پێشەوا"ی لە گۆڕینی کۆمەڵەی "ژێ کاف" کە کۆمەڵەیەکی داخراو بوو، بە حیزبێکی مۆدێرن، بەرز نرخاند.

بەرپرسی نوسینگەی کارگێڕی لە بەشێکی قسەکانیدا وتی کە ئەگەر حیزبی دێموکرات دانەمەزرابا، کۆماری کوردستان پێک نەدەھات. هەروەها وتیشی "پێشەوا" لەو بڕوایەدا بوو کە دەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی خواستەکانی خۆی ئۆرگانیزە بکات و هەر بۆیە لەو چوارچێوەیەدا بەرەوپێشچونێکی زۆر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا ڕووی دا.

"فواد خاکی بەیگی" لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە کاریگەریی کۆمار لەسەر ھەستی نەتەوەیی کرد و پێی وابوو لە سەردەمی کۆماردا ھیچ جیاوازییەک لەنێوان کوردی ڕۆژھەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبووە، بەجۆرێک کە پێی وابوو ئێستاش کۆماری کوردستان دەتوانێ خاڵی کۆکەرەوەی ھەموو کورد بێت و باسی لەوەش کرد کە "ئاڵا و سروودی نەتەوایەتی و ناوی پێشمەرگە" لە کۆماری کوردستانەوە بوونەتە ڕەمزی نەتەوەیی.

دواتر "ڕەعدە پاڵانی" بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی "نۆروێژ"، پەیامی یەکیەتییەکانی "ژنان، لاوان و کۆمەڵەی کولتووریی" پێشکەش کرد.

پاشان "تووبا ئەلیاسی" بابەتێکی لەژێر ناوی "ھۆشیاریی نەتەوەیی" و کاریگەری لەسەر خەباتی نەتەوایەتیمان، پێشکەش کرد.

"ئەلیاسی" لە بابەکەیدا ئاماژەی بە بەشێک لەو کەموکورتیانە کرد کە حیزبەکان و خەڵکی کورد بە گشتی پێویستە بەسەریاندا زاڵ بن بۆ ئەوەی خەباتی نەتەوایەتیمان ئاراستەیەکی نەتەوەیی تر بەخۆیەوە بگرێت.

ناوبراو وتی کە پێویستە ھەموو حیزبەکان و تاکەکانی کورد بە گشتی زیاتر گرینگیی بە ھۆشیاریی نەتەوەیی بدەن و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بخەنە پێش ھەموو بەرژەوەندییە حیزبی، گرووپی و تاکە کەسییەکانەوە.

لە کۆتا بەشی وێبیناریکەدا "ئیسماعیل عەلیپوور" بەرپرسی گشتیی کومیتەی حیزب لە نۆروێژ، وێڕای پیرۆزبایی یادی کۆمار، لەلایان کۆمیتەوە سپاسی کۆڕگێڕان و بەشدارانی وێبینارەکەی کرد.