کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ وێبنارێک لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

13:23 - 29 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ، بەبۆنەی٢٥ی گەلاوێژ، ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات، وێبنارێک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر خاتوو "فاتمە عوسمانی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، باسێکی لەسەر تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران پێشکەش کرد.

"عوسمانی" لە باسەکەی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە ناوەرۆکی ڕێژیمی ئێران و ھەوڵەکانی بۆ تێرۆریزم لە ھەموو جیھان و ناوچەدا، ئاماژەی بە ھەوڵەکانی و جۆرەکانی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە دژی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و وتی ئەو تێرۆریزمە تا ئێستاش بە جۆرەکانی جۆراوجۆر بەردەوامە .

ھەروەھا خاتوو "عوسمانی" باسی لە کەیسی تێرۆری ڕێبەرانی کورد و ئاستەنگەکانی بەردەم کرانەوەی دۆسیەی شەھید قاسملوودا کرد و بە وردی شیکاریی ئەو پرسەی کرد کە بووەتە قوربانیی سات و سەودای بازرگانی و بەرژەوەندیی وڵاتی ئۆتریش.

لە بەشی دووەمی ئەو وێبنارەدا "حوسێن ئەحمەدی ‌نیاز" پارێزەر و دۆستی حیزبی دێموکرات، باسێکی بەنرخی پێشکەش کرد.

"ئەحمەدی‌نیاز" باسی لە مێژووی ٤١ ساڵەی ڕێژیمی ئێرانی کرد و باسی لە جۆرەکانی بەڕێوەبردنی ئەو تێرۆریزمە لەلایەن دامودەزگاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران و بە تایبەتی تێرۆری "سادق زەرزا" ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب کرد .

ناوبراو بە وردی باسی لە دەزگای پان و بەرینی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران کرد و وتی، وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەھۆی بازرگانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە چاوپۆشی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی دەکەن.

"ئەحمەدی‌نیاز" ھەروەھا باسی لە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد کرد و ھەموو ئەو جینایەتانەی بە جۆرێک لە تێرۆر لە دژی گەلی کورد لەقەڵەم دا .

وێبنارەکە زیاتر لە کاتژمێرێک درێژەی ھەبوو و باسێکی گەرم لەلایەن دوو کۆڕگێڕەوە بە بەڵگە و بەپێی یاسا پێشکەش کرا.