کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ وێبنارێکی تایبەت بە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو

12:53 - 30 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی فنلاند بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ وێبنارێنکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە بەشداریی "کەریم پەرویزی‌" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزب‌ و "باباعەلی مێهرپەروەر"، چالاکی سیاسی ‌و ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزب، وێبنارێکی تایبەت بەڕێوە چوو.

وێبنارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" ‌و ساتێک بێدەنگی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "کەریم پەرویزی"، باسەکەی لەژێر نێوی "ڕاسان، میتۆدی نوێی خەبات" پێشکەش کرد.

"پەرویزی"، لە سەرەتای وتەکانیدا، وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژووییە، بە پێناسەکردن‌ و هۆکاری دەستپێکردنی "ڕاسان"، ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی لەسەر ئەم قۆناخە لە خەبات ڕوون کردەوە، ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردستان کرد و لەسەر زەروورەتی گەشەکردنی ڕاسان تەئکیدی کردەوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا، ڕاسان وەکوو تاکتیک نابینین بەڵکوو، ڕاسان پرۆسەیەکە لە قۆناخێکی نوێی خەباتدا. کە دەڵێین پڕۆسەیەکە، واتا لە شوێنێکەوە بە هەندێ هۆکار دەست پێ دەکات‌، درێژەی دەبێ‌ و بە قۆناخ‌ و بڕگەی جیاوازدا گەشە دەکات."

ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزب، لە درێژەی باسەکەیدا و لەسەر ئەوەی کە ئەم پڕۆسەیە چۆن دەستی پێکردووە و چیە، وتی: "ڕاسان لە دیدی خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانەوە بریتییە لە پرسیار." هەروەها وتی: "ڕاسان لە پرسیارەوە دەست پێدەکات، بە پرسیار درێژەی دەبێ‌ و بە پرسیار گەشە دەکات".

"پەرویزی"، وێڕای ئاماژەدان بە قۆناخەکانی خەباتی نەتەوایەتیی کورد و حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا، لەسەر زەروورەتی بوون‌ و گەشەکردنی پڕۆسەی ڕاسان، وەک مێتۆدێکی نوێ لە خەبات بۆ قۆناخی ئێستا تەئکیدی کردەوە.

ناوبراو دواتر بە ئاماژەکردن بەو گۆڕانکارییانە کە لە کوردستان، ئێران‌ و جیهاندا هاتوونەتە پێش، ڕاسانی وەک پڕۆسەیەکی وڵامدەر باس لێوە کرد کە پێویستە گرنگیی پێ بدرێ.

سەبارەت بە چۆنیەتیی بە کردەیی کردنی ڕاسان ‌و بەرینترکردنەوەی خەباتی نەتەوایەتی،  کەریم پەرویزی وتی: "ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ببێ بە خەباتێکی جەماوەری. تەواوی کۆمەڵگای کوردستان ‌و نەتەوەی کورد بەشدار بن لە خەباتەکەدا".

پەرویزی هەروەها وتیشی: "پێناسەیەکی نوێ کە لە ڕاساندا لە خەبات، پێشمەرگە و کۆمەڵگا کراوە، بریتی لەوە بوو کە پێشمەرگە و شاخ ببن بە هێما، ورەبەخش."

ناوبراو سەبارەت بە ئامانجی بنەڕەتیی "ڕاسان" وتی: "ئامانجی بنەڕەتیی ڕاسان بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا بە شێوەی خۆبەش لە خەباتدا بەشدار بێت."

بەشێکی دیکەی وێبنارەکە تەرخان کرابوو بۆ وتەکانی "باباعەلی مێهرپەروەر"، چالاکی سیاسی‌ و ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات.

"مێهرپەروەر"، وتەکانی بە پیرۆزبایی لە ڕێبوارانی ڕێبازی "قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی" دەستی پێکرد.

دواتر ناوبراو باسەکەیان کە تایبەت بوو بە قۆناخە مێژووییەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات، لە دوو بەشی "کۆمەڵەی ژێ-کاف" و هەروەها "بەراوردێکی کورت لەسەر سیاسەتی یەکیەتیی سۆڤییەتی ئەوکات‌ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا"دا پێشکەش کرد.

"مێهرپەروەر" کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد "ژێ-کافـ"ـی بە بنەڕەت‌ و ڕیشەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە قەڵەم دا و خەباتی حیزبی دێموکراتی بە درێژەی ڕێبازی خەباتکارانەی کۆمەڵەی ژێ-کاف ناو لێ برد.

پاشان ناوبراو باسی لە بارودۆخی ئەوکاتی ئێران‌ و هێرشی یەکیەتیی سۆڤیەت‌ و بریتانیا لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا بۆ سەر حکوومەتی ڕەزا شا کرد و چۆنیەتیی ‌و زەمینەی پێکهاتنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردی ڕوون کردەوە.

"مێهرپەروەر" بە ئاماژەکردن بە لاوازبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لەو سەردەمەدا و ئەو بۆشاییەی کە لەو کاتە و بەتایبەت لە ناوچەی موکریان دروست ببوو، ئەو دۆخەی بە قازانجی کورد باس لێوە کرد کە تەنیا لەو کاتەدا بوو کە کورد توانییان هەناسەیەک بە ئاسوودەیی بکێشن.

ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا، ڕێکخراوبوونی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانی، بە یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی "ژێ-کاف" ناو برد کە تەنانەت بە شەهیدبوونی ڕێبەرەکانیشی، ڕێکخراوەکە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و خەبات درێژەی پێ ئەدات.

"باباعەلی مێهرپەروەر"، باوەڕمەندبوونی ڕێبەرانی "ژێ کاف" بە خەباتی سیاسی‌ و جەماوەری ‌و هەروەها سەربەخۆییخوازیی کۆمەڵەی "ژێ-کافـ"ـی بە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕێکخراوە ناو برد.

لەو پەیوەندییەدا ناوبراو ئاماژەی بە نامەی کۆمەڵەی "ژێ-کاف" بۆ "مەلا مستەفا بارزانی" ‌و پشتیوانی لە خەباتی باشوور و هەروەها کۆبوونەوەی نوێنەرانی باکوور و باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات لە "داڵانپەڕ" بە ناوی "سێ سنوور" کرد کە هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا ئاڵایەک کە ئێستاش هێما و ئاڵای کوردستانە، پێشنیار و پەسند کرا.

"مێهرپەروەر" هەروەها چوونی "قازی محەممەد" بۆ نێو کۆمەڵەی "ژێ-کافـ"ـی بە ڕووداوێکی گرینگ ناو برد و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "قازی محەممەد"، کەسایەتییەکی خۆشناو و کاریگەر بوو.

"باباعەلی"، لە درێژەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە چەند بڕیارێکی گرینگی "ژێ-کاف" کرد لەو بارەوە وتی: "لە دەماودەمی کۆتایی شەڕی جیهانیی دووهەمدا کۆمیتەی ناوەندیی "ژێ-کاف" کە هێشتا ناوەکەی نەگۆڕابوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕیزە بڕیارێکی دا کە زۆر مێژووییە.

ئەو بڕیاراتە لە یەکەم بەنددا دەڵێت کە هەر کە شەڕ کۆتایی هات، دەبێ دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ؛ تەنانەت سنووری دەوڵەتە کوردییەکەش دیاری دەکا و دەڵێ ئەو کیانە سیاسییە کە دادەمەزرێ لە شێوەی کۆمارییە. ئەو کۆمارەش هێزێکی نیزامیی دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێت دەسکەوتەکانی بپارێزێ ‌و بەرگریی لێ بکات."

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، "مێهرپەروەر" ئاماژەی بە سیاسەتی هاوپەیمانان بە نیسبەت کورد و خەباتی نەتەوەی کورد کرد و وتی: "هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی هاوپەیمانان کە هاتنە ناو ئێران، نیسبەت بە کورد سیاسەتێکی "چەوت و نەخۆش" بوو. بریتانیاییەکان هاوڕا لەگەڵ خودموختاریی کورد نەبوون. بەو بیانووە کە ئەگەر خودموختاری بدرێت بە کورد، عەرەبەکانی خووزستان ‌و بەلووچەکان ‌و ئەوانی دیکەش داوای خودموختاری دەکەن. بەو جۆرە نەیاندەویست خۆیان لەو مەسەلەیە بدەن".

هەروەها لەسەر سیاسەتی یەکیەتیی سۆڤییەتیش، "مێهرپەروەر" باسی لەوە کرد کە ئەوانیش خوازیاری ئەوە بوون کە کورد ئارام بێ‌ و ئەگەر شتێکیشی دەست بکەوێت، دەبێ لە چوارچێوەی حکوومەتی ئازەربایجاندا بێ.

لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا، "باباعەلی" ئاماژەی بە سەردانی "نیکسۆن"، سەرکۆماری ئەوکاتی ئامریکا بۆ ئێران ‌و هەروەها سیاسەتی حکوومەتی ڕەزاشا و ئامریکا بە نیسبەت کورد لە باشووری کوردستان کرد.

لە کۆتایی قسەکانیدا "باباعەلی"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕابردوو و دۆخی ئێستای کورد و سیاسەتی دوژمنانی نەتەوەکەمان، داوای کرد کە کورد زیاتر ئاگایان لە یەکتر بێ، ڕیزەکانی ناو خۆیان قایمتر بکەن‌ و هیوای خواست کە جارێکیتر حیزبی دێموکرات بە یەکگرتوویی ببینێتەوە.

لە بەشی کۆتایی وێبنارەکەدا، هەر کام لە کۆڕگێران "باباعەلی مێهرپەروەر ‌و کەریم پەرویزی"، وڵامی پرسیارەکانی بەڕێوبەری کۆبوونەوەکەیان دایەوە.