کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی "زاهیر بەدری"، لەسەر گڵکۆی ناوبراو ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو

17:28 - 28 جۆزەردان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و هەروەها یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی نەمر "زاهیر بەدری" ناسراو بە "بەبری کوێستان"، لەسەر گڵکۆی ناوبراو ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی دانمارک و بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی "میت یوولەند"، بە هاوڕێیەتیی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەربەرزی "زاهیر بەدری"، بە ئامادەبوونی خۆیان لەسەر گلکۆی ئەو شەهیدە سەربەرزەی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

سەرەتا "جەمشید خوسرەوی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر گلکۆی نەمر "زاهیر بەدری" دانا و پاشان چەند وتەیەکی لەسەر کەسایەتی و ڕۆڵی ناوبراو لە خزمەت بە حیزب و گەلی کورد پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

دواتر هەر یەک لە بەڕێزان "مەحموود دەشتی" و "شەهاب ئەحمەدی" بە گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەک و "فاخر مەولوودی" بە کورتە پەخشانێک، ڕێز و خۆشەویستیی خۆیان بەرامبەر کەسایەتی و خەبات و تێکۆشانی ناوبراو نیشان دا.

پاشان "ڕۆمی بەدری" کوڕی "زاهیر بەدری" بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکەی سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی حیزب لە دانمارک دووپات کردەوە و بەلێنییان دا کە هەتا گەیشتن بە ئامانجی "زاهیر بەدری" و هەموو شەهیدانی کوردستان پشت و پەنای حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن.

ڕێوڕەسمەکە دوای یەک کاتژمێر کۆتایی پێ هات.