کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٢٥ی گەلاوێژ لە یونان

12:02 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی وڵاتی یونان جێژنی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بەڕێوە برد و ئەم یادەیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی و لەبەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژدا، کوردانی نیشتەجێ لە وڵاتی یونان بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ڕێورەسمێکیان لە شاری ساڵونیک بەڕێوە برد.

ئەم ڕێوڕەسمە کە بە ئامادەبوونی کوردانی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە چوو، بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان بەناوی لێژنەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکەوە بەخێرهاتنی میوانەکان کرا و پەیامی لێژنە لەلایەن لوقمان قاسمی خوێندرایەوە؛ ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە ئامادەبووان، باسێکی کورتی سەبارەت بە دامەزراندنی حیزب هێنایە ئاراوە و دواتر بەوردی باسی لە قۆناغی نوێی خەباتی حیزب کرد.

لە بەشێک لە پەیامەکەدا باس لە کاریگەرییەکانی ڕاسان و نەخش و دەوری تاکی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و هەروەها ڕۆڵی هەر کام لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرابوو.

لە نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمەدا نوێنەرایەتی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیست  نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵات) پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی لێژنەی بەڕێوەبەری و ڕێوڕەسمەکە کرد.

کۆڕەکە بە خوێندنەوەی چەند پارچە شێعر و پەخشان و لە کۆتایشدا شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان کۆتایی پێهات.