کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی جێژنی کۆمەڵە

11:02 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ''کۆمەڵە'' لە وڵاتی ئاڵمان بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕێبەندان، بە بۆنەی ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بەشداریی بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی لە شاری کۆڵن بەڕێوە چوو.

لە بۆنەکەدا شاندێکی کۆمیتەی ئاڵمان، بە سەرپەرستیی ئیدریس ڕۆستەمی، بەرپرسی بەشی ماڵی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەشداری کرد و بە بۆنەوە پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە.

ڕۆستەمی لە پەیامەکەیدا، وێڕای پیڕۆزبایی لە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە، ئاوڕی لە دۆخی ئێستای کوردستان و ئێران و بەتایبەت تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر هاتنەسەرکاری حکوومەتی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی دایەوە و لەو پێوەندییدا وتی: "لە کاتێکدا حیزبە تێکۆشەرەکەتان یادی دامەزرانی خۆی جێژن دەگرێت، کە چل ساڵی ڕەبەق بەسەر تەمەنی پڕ لە تاوان و جەنایەتی حکوومەتی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بە هۆی سەرەڕۆیی ڕێژیم، ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات، لەنێوبردنی ژینگەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و خستنە مەترسی ئاسایشی جیهان بەگشتی و بەتایبەت لە ناوچەکە، زیاتر لە هەموو کاتێک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کەوتووەتە بەر ڕق و بێزاریی گەلانی ئێران و ڕای گشتی جیهانی. خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆ، دیاریکردنی سزای ئابووری و سیاسییەکانی جیهان بەسەر ئێراندا و لە دوابڕگەشدا کۆنفڕانسی وەرشۆ بە بەشداریی زیاتر لە ٦٠ وڵات و هەڕەشەی بەردەوامی بەرپرسانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و وڵاتان لە ڕێژێمی ئێران، باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە ئیدی تەمەنی پڕ لە تاوان و تێرۆری ئەو ڕێژێمە بەرەو کۆتایی دەچێت. هەر بۆیەش ئێمە وەک گەلی کورد و بزاڤە ڕەواکەی ئەرکی قورستر لە ڕووبەڕووبوونەوی ڕێژیم و یەکخستنی ڕیزەکانمان دەکەوێتە سەرشان و لەو پێوندییەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەمیشە پێداگرە لە بەئەنجامگەیاندنی هەموو ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانی بۆ درێژەپێدان بە هاوخەباتی نێوانمان و گشتگیرکردنی شۆڕشی کورد لە دژی ملهوڕی کۆماری ئیسلامی و کۆتاییهێنان بەو ڕێژیمە تۆتالیتەرە لە پێناو وەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەمان".