کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە مەراسمی خەڵاتكردنی لۆبییە باشەكان

10:28 - 22 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە یەكیەتیی ئورووپا، لە مەراسمی خەڵاتکردنی لۆبییە باشەکاندا بەشداری کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەكیەتیی ئورووپا لە مەراسمی خەڵاتكردنی لۆبییە باشەكان کە لەلایەن كۆمیسیونی كۆمەڵایەتی و ئابووریی یەكیەتی ئورووپا كە لە ناوەندی ئەم كۆمیسیونە بەڕێوە چوو، بەشداری كرد.

یەكیەتی ئورووپا ساڵانە ئەو كەس، گرووپ یان ڕێكخراوانە خەڵات دەكات كە هەوڵیان داوە هەتا كاریگەری دابنێن لەسەر گۆڕینی پرسە كلتوری، كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان.

ئەم خەڵاتانە بۆ ڕێزگرتن لە پرۆژە، داهێنان و ئەو كەمپەینانە تەرخان كراوە كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە ڕێک دەخرێت هەتاكوو گۆڕانێک ساز بكەن. بۆ ئەم مەبەستە ئەمساڵیش كۆمەڵێک تاک و گرووپ خەڵات كران.

ئەو مەراسمە بە بەشداری نوێنەرانی یەكیەتیی ئورووپا و ٢١ پاڵێوراو بۆ خەڵاتەكان بەڕێوە چوو. چالاكییەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حیزب لەم بوارەدا هەوڵێكە بۆ پتەو و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی حیزب لەگەڵ یەکیەتی ئورووپا.