کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزب لە دیبەیتێکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی یەکیەتیی ئورووپا

11:55 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دیبەیتێکی تایبەت بە یەکیەتیی ئورووپا، کە لە لایەن شارەداریی هۆرسێنس ڕێک خرابوو، بەشدارییان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بانەمەڕ، شاندێکی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو: لە "هەژار دەشتی" و "دانا ئەلیاسی" لە دیبەیتێکی تایبەت بە یەکیەتیی ئورووپا بەشدارییان کرد.

لەم دیبەیتەدا کە زۆرێک لە کاندیدە ژمارە یەکەمەکانی پارتە سیاسییەکانی دانمارکی تێدابوو، باسگەلێکی جۆراوجۆری وەک کێشەی پەنابەران، ژینگە، دەسەڵاتەکانی یەکیەتیی ئورووپا، کشانەوەی بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا و زۆر باسی دیکەی پێوەندیدار بە دانمارک و کاریگەرییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، باسیان لێ کرا و هەر لایەنێک بەگوێرەی سیاسەتی حیزبەکەی شیکردنەوەیان بۆ باسەکان کرد و وڵامی ئامادەبووانیان دایەوە.

لە چوارچێوەی پرسیار و وڵامدا نوێنەری حیزب بە تیشک خستنەسەر کێشەی پەنابەران وەکوو یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ورووژاندنی ئەو بابەتە لە لایەن زۆربەی کاندیدەکانەوە، وتی: ئایا یەکیەتیی ئورووپا بیری لەوە نەکردووەتەوە کە بۆ پێشگرتن لە بوونی زیاتری پەنابەر، هەوڵ بۆ دێموکراتیککردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات؟ هەروەها وتی: کە یەکێک لە ڕێگاکان یارمەتیدانی ڕێکخراو و پارتە دێموکراتەکانە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە خەبات بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران دەکات.

زۆربەی کاندیدەکان لەسەر ئەوەی کە یارمەتیدانی ڕێکخراوە دێموکراتەکان دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەری و یەکیەتیی ئورووپا بەپێی پێویست هەوڵی بۆ ئەو مژارە نەداوە، هاوڕا بوون. بەشێک لە کاندیدەکان ڕۆڵی کوردیان وەک نەتەوەیەکی ئازا لە شەڕ بە دژی دیکتاتۆرەکانیان بەرز نرخاند و دوایین نموونەشی سەرکەوتن بەسەر تاریکپەرستانی داعش بوو. دواتریش جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە هەم دانمارک و هەم یەکیەتیی ئورووپاش دەبێت کورد وەک دۆستی خۆیان بزانن و پشت و پەنای ئەو گەلە ستەمدیتووە بن.

دواتر، شاندی حیزب لەگەڵ زۆرێک لە کاندیدەکان باسی ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی ئامریکا و ئێران، دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵی بێوچانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ کرد و داوای پاڵپشتی لەو خەباتە ڕەوایەی کرد.

دیبەیتەکە دوای نزیک بە ٢ کاتژمێر و نیو کۆتایی پێ هات.