کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی کۆمەڵە

11:13 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرا ت کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی چلەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید بەشداری کرد.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمە، شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕات کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید، لە ڕێوڕەسمی چلەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەشداری کرد، کە لە شاری ستۆکهۆڵم بە بەشداریی جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکان، ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوەرەسمەدا وێڕای وتاری بەڕێز ئەبووبەکر مودەڕسی (جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)، چەندین پەیام لە لایەن نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و سوئیدییەکانەوە بەو بۆنەوە خوێندرانەوە. پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوئید یەک لەو پەیامانە بوو، کە لە لایەن هاوڕێی قادر مێهفەڕ خوێندرایەوە.

مێهفەر لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزباییی ئەو یادە، ئاماژەی بە گرنگی یەکیەتی و هاوهەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد، بەتایبەتی لە ئێستادا کە قۆناغێک لە خەبات لەژێر ناوی ڕاسانی شار و شاخ لە ئارادایە و هەوڵی بەهێزکردنی ڕۆحیەی شۆڕشگێڕی و ئیرادەی خۆڕاگری نەتەوەکەمان دەدات و لەو ڕاستایەشدا حیزبی دێموکرات پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکات، کە بە هەمان ئاراستەی ڕاسان لە گۆڕەپانی خەباتدا ڕۆڵی خۆی ببینێت.