کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی نەتەوەیی کورددا

11:50 - 16 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرانی "کەی ئێن سی"، بەشداریی لە سیهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.

لەم کۆنفڕانسەدا کۆمەڵێک بەرپرسی دەوڵەتی، ئەندام کۆنگرە و نوێنەری لایەنە کوردستانییەکان و هەروەها ڕۆشنبیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانانی کورد بەشدارییان تێدا کرد.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، لە وتارێکدا باسی لە دۆخی ئێستای کورد، ڕەوشی جیهانی و داهاتووی کێشەی کورد کرد.

لەم وتارەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات وتی، بۆ ئەوەی بتوانین ڕوانینێکی دروستمان لە داهاتوو هەبێت، ناچارین کە هەم خوێندەنەوەیەکی ڕاستگۆیانەمان لە دۆخی ئیستا هەبێت و هەم لێکدانەوەیەکی ڕێئالیستییانە لە دۆخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

 نوێنەری حیزبی دێموکرات دواتر ئاماژەی بەوە دا کە دنیای ئەمڕۆ لەسەر ئەساسی دەوڵەتـ نەتەوە دامەزراوە.

"ساڵح" باسی لەوە کرد کە گەلی کورد هێشتا لە مەترسیی لەنێوچوون و قڕکران ڕزگاریی نەبووە، چونکە نە یاسای نێودەوڵەتی و نە سیاسەتی نێودەوڵەتی، نەتەنیا هیچ مێکانیزمێکیان بۆ پشتگیریکردنی نەتەوەیەک وەکوو نەتەوەی کوردی نییە، بەڵکوو لەوانەیە هیچ حەزێکیشیان لەو پێوەندییەدا نەبێت.

"ئارەش ساڵح" لە درێژەی وتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە بەهێزکردنی هێزی سەربازی تەنیا ڕێگاچارەیە کە گەلی کورد بتوانێت پێش بە لەنێوچوونی خۆی بگرێت و ڕێگە نەدات دراوسێکانی لە پێناو زیندووکردنەوەی خەلافەتەکانیان یان ئێمپراتۆرییەکانیان کورد لەنێو بەرن.

لە درێژەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات ئەوەی خستە ڕوو کە چەندین جار لەگەڵ کارناسی ئامریکایی، "تینک تەنک"ـەکان دادەنیشێت.

"سالح" باسی لەوە کرد، تەنیا کارێک کە کورد دەتوانێت بیکات پاراستنی خۆیەتی لە توانەوە لە ڕێگەی خەباتێکی بەهێزی چەکدارییەوە.

لە کۆتاییدا نوێنەری حیزب وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.