کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەکۆنفڕانسی کاریگەریی تینک تانکەکان

10:24 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە کۆنفڕانسی کاریگەریی تینک تانکەکان لەسەر خوێندنەوە و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادا بەشداری کرد.

ڕۆژی هەینی، ١١ی ڕێبەندان، "ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە کۆنفڕانسێک کە لە دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشینگتۆن دی.سی لەسەر چۆنیەتی کارکردنی تینک تانکەکان و چۆنیەتیی کاریگەریان لەسەر داڕشتنی سیاسەتە گشتیەکانی وڵاتەکان، بەشداری کرد.

بە گوێرەی بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەکە، دوو تایبەتمەندی دنیای ئەمڕۆ گرینگییەکی زۆریان داوە بە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفڕانسە؛ یەکەمین تایبەتمەندی پاشەکشەی ئامریکا لە ناوچەکە و کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەو وڵاتەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دووهەمین تایبەتمەندی، بە گوێرەی بەرپرسانی دامەزراوەی ڕۆژهەڵات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئیمکانی پێشبینیکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

لەم کۆنفڕانسەدا چەندین شارەزای ناوچە و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لێکۆڵەر بەشداریان کرد.

گرینگی دیپلۆماسیی نافەرمی، یان ئەوەی کە بە ناوی دیپلۆماسی تیپی دووهەم ناسێندرا، یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی باسەکان بوو. بە گوێرەی بەرپرسانی دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لێکۆڵەرانی بەشداربوو لەم کۆنفڕانسەدا، ئەم جۆرە دیپلۆماسییە کە لە ڕێگەی تینک تانکەکانەوە ڕێک دەخرێت، دەتوانێت لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکان زۆر ڕۆڵ بگێڕێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەدا، لەگەڵ چەندین کەسایەتی و لێکۆڵەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆ بووەوە و کەمایەسییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکای بە نیسبەت ڕێژیمی ئێرانی هێنایە بەرباس.