کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لە کۆنگرەی شۆرای نەتەوەییی تێکۆشەرانی ئەحواز

08:39 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری لەندەن، پێتەختی وڵاتی بریتانیا، لە کۆنگرەی شۆرای نەتەوەییی تێکۆشەرانی ئەحوازدا بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شۆرای نەتەوەییی تێکۆشەرانی ئەحواز، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا، لە کۆنگرە شۆرای نەتەوەییی تێکۆشەرانی ئەحواز بەشداری کرد.

کۆنگرەکە بە بۆنەی ساڵیادی "ئەحمەد مەولی"، ڕێبەری پێشووی ئەو شۆرایە بەڕێوە چوو. ئەحمەد مەولی ساڵی ڕابردوو، لە شاری لاهە لە وڵاتی هۆلەند، لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەر دەرکی ماڵی خۆی تێرۆر کرا.

کۆنگرەکە لەژێر دروشمی (دەوڵەتی ئێران و جینایەتە تێرۆریستییەکانی لە دەرەوەی سنوور ) بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا مەسەلەی زوڵم و توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران دژ بە نەتەوەکانی ئێران هاتە بەرباس و تیشک خرایە سەر چالاکی و ئەو هەوڵانەی نەتەوەکانی ئێران، کە ڕووخاندنی ڕێژێمیان مەبەستە. لە پەیامی میوانانی کۆنگرەدا، بۆ نەهێشتن و لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەخت لەسەر هاوکاریی نەتەوە غەیرە فارسەکان کرایەوە.