کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەدا

16:29 - 21 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندان، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری كۆڵن لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا بەشداریی کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا، سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە و ژمارەیەک لە میوان و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەكان بەشدار بوون.

پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لەلایەن "ساسان قەسیمی"، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی "نۆردراین فیستڤاڵێن" خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی لە حیزبی کۆمەڵە، ئاماژە بەوە کرابوو کە ئێران و ناوچەکە زیاتر لە هەمیشە لە لێواری گۆڕانکاریدان و ڕێژیمی سەرکوتکەری ئیسلامیی ئێران لە سەراولێژیی نەماندایە.

لەو پایەمەدا باس لەوە کرابوو، کاربەدەستانی ڕێژیم لە ئاستی وڵاتانی خۆیاندا لە قەیراندان و ئێستا وێڕای خەڵکی ئێران، خەڵکی عێراق و لوبنان لە دژی ڕێژیم دروشم دەدن و چیتر گرووپی تێرۆریستیی وەک حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی هێزێکی خاوەن پێگەی جەماوەری نین و ئەوانەی ئێستا لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا کۆ دەبنەوە، ئێران بە هۆکاری نەهامەتی و چارەڕەشیی خۆیان دەزانن.

 لە ئاستی نێوخۆییدا قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تێکڕووخانی باوەڕی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران بە ڕێژیم، تەنیا گۆشەیەک لە قەیرانەکانی ئێرانن.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، وێڕای ئاماژەدان بە کوژرانی ١٥٠٠ هاووڵاتی سڤیل لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، باس لەوە کرا: "قەیرانی نێودەوڵەتیی ڕێژیم و قەیرانی کەڵەکەبووی نێوخۆی ئێران و کوردستان و ترسی خەڵکی کوردستان لە داهاتوو، ئێمەی وەک لایەنێکی کوردستانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بۆ دەرچوون لە قۆناغی ئێستا و بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان زیاترین قازانج بەرێ و تووشی کەمترین خەسار بێت، پێویستمانە زیاتر لە هەمیشە نێوماڵی کورد ڕێک بخەین".