کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کۆڕیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

17:08 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێكی كۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن بەشداریی لە كۆڕیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کرد.

‎ڕۆژی چوارشەمە، ٢٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێكی ڕێكخستنی كۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن پێتەختی وڵاتی ئامریکا، لە كۆڕیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا كە لە لایەن نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە زانكۆی جۆرج واشنگتۆن پێکهاتبوو، بەشداریی كرد.

كۆڕەكە لەلایەن خاتوو ''بەیان سامی عەبدولڕەحمان ''نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئامریکا و قایمەقامی هەڵەبجە خاتوو "نوخشە ناسێح" بەڕێوەچوو.

قایمەقامی هەڵەبجە باسێكی تێروتەسەلی لەسەر كارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و كەموكوڕییەكان و پێداویستیەكان بۆ بەركەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە، پێشكەش كرد.

هەروەها خاتوو "نەسرین محەممەد" وەکوو یەكێک لە قوربانیانی ئەو كارەساتە باسی لە بەسەرهات و قووڵی ئەو جنایەتە کرد كە بە سەر گەڵی كورددا هاتووە.

چەندین كەسایەتی و مامۆستای زانكۆ بەشداری كۆڕەكە بوون کە باس و بابەتەکانی خۆیان سەبارەت به کیمیابارانی هەڵەبجە پێشكەش كرد.

 شاری هەڵەبجە هەڵکەوتوو لە باشووری کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەممەی ١٣٦٦ی هەتاویدا، لەلایەن حکوومەتی پێشووی عێراقەوە کیمیاباران کرا کە لە ئاکامی ئەو جەنایەتەدا  ٥٠٠٠ هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و ئاوارەی وڵاتان بوون.