کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی لاوان بۆ هاودەنگی لەگەڵ سەحرای ڕۆژاوا

11:21 - 11 سەرماوەز 2721

ڕێکەوتی ٢٦ هەتا ٢٨ نوامبری ٢٠٢١ی زایینی، ڕێکخراوی ژێر چەتری ئینتەرناسیوناڵ سوسیالیست، بە ناوی سەحرای ڕۆژاوا کۆنفڕانسێکی لەژێر ناونیشانی داگیرکردنی نایاسایی سەحرای ڕۆژاوا لەلایەن وڵاتی مۆراکۆ کە بووەتە هۆی فاکتەری ناسەقامگیری و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و ئافریقا و هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایش لە ئافریقا و ئورووپا لە شاری ''مالەگا''ی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە برد کە نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوێدا چالاکانە بەشدار بوو.

لەو کۆنفڕانسەدا ١٦٢ کەس، ٩٠ ڕێکخراوی لاوان، زیاتر لە ٤١ وڵات و ١٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پارلمانتار بەشدارییان هەبوو کە لە ڕۆژی یەکەم پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.

هەروەها لەو کۆنفڕانسەدا ''جەلال قادری'' نوێنەری یەکیەتیی لاوان وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی کوردستانی داگیرکراو و خەباتی کوردی کردووە، هەروەها پاڵپشتیی یەکیەتیی لاوان لە دۆسیەی سەحرای ڕۆژاوای دەربڕیوە و ئاماژەی بە وتەی ڕێبەری شەهید دوکتور ''قاسملوو'' کردەوە کە "گەلێک ئازادی بووێ دەبێ نرخەکەشی بدا و ئێمە نرخێکی زۆرمان بۆ داوە و ئێستاش نرخ دەدەین" کە سەرنجی بەشداربووانی ڕاکێشا.

لە ڕۆژی دووەم بەشداربووان بەسەر٥ ڤۆرکشاپدا دابەش کران تا بە هاوبیری و هاوکاریی یەکتر لەسەر ٥ خاڵی تایبەت و دیاریکراو ڕاو و ڕاوێژ بکەن کە بریتین لە:

- دروستکردنی هاوپەیمانیی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ پرسە دادپەروەرییەکان

 - لاوان وەک پیشەسازی ئاشتی و بەرگریکارانی

- پەرەدانی هاوکاریی نێودەوڵەتی و فرەلایەنی بۆ بنیاتنانەوەی جیهان

- بەکارهێنانی جەستەی ژنان وەک چەکێک لە ناکۆکی و پەیوەستبوونی بە مافەکانی ژنان

- چالاکیی ژینگەیی و وزەی جێگرەوەی مۆراکۆ بۆ پۆلێنکردنی وێنەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی

لە کۆتاییدا ژمارەیەک لە بیرۆکە و دەستپێشخەریی لاوەکان خرانە ڕوو کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵی جیهانیی لاوان پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی سەحرای ڕۆژاوا بکات.

لە ڕۆژی سێهەم بەرپرسانی یەکیەتیی سەحرا و ئافریقا وڵامی پرسیاری بەشداربووانیان دایەوە و سووربوونی خۆیان بۆ پێویستی بە هاوهەڵوێستی لەگەڵ کێشەی سەحرای ڕۆژاوا دووپات کردەوە و کۆنفڕانسەکە کۆتایی پێ هات.