کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی چەپی ئەو وڵاتە كۆبووەوە

12:36 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی سۆسیال چەپی نۆروێژی کۆبووەوە.

ڕۆژی هەینی، ڕێكەوتی ٨ی گەلاوێژ، شاندێكی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات، پێكهاتوو لە ''گەلاوێژ محەممەدی''، بەرپرس و ''مەنسوورعەزیزی''، ئەندامی بەشی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی سوسیال چەپی نوروێژ، کۆبونەوەیەکیان پێک هینا.

لەم كۆبوونەوەیەدا کە لە بنكەی سەرەكیی حیزبی سوسیال چەپی نۆروێژ لە ئوسلۆ و لە لایەن ''یەرموند سكۆر''، كادری ڕێبەری و بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەكان و ''سەید مەسعوود ناسری''، ئەندامی دەستەی پێوەندییەكانی ئەم حیزبە، بۆ پێوەندی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان، پێشوازییان لێكرا.

ئەم خاڵانەی کە لەم دانیشتنەدا هاتنە بەرباس بریتی بوون لە:

- ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەركووتی خەڵكی كوردستان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە.

- پێشێلكرانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران و چۆنیەتیی گرنگیدانی لایەنە نۆروێژییەكان بەو خاڵە.

- دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نائارامكردنی ئەو ناوچەیە لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە.

- كوردەكانی دانیشتووی نورویژ و چالاكبوونی ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسیی نۆروێژ و نفوز و كاریگەریی حیزبی دێموکرات لەو كۆمەڵگەدا.

- هەڵبژاردنی كۆمونەكان لە نۆروێژ و گرنگیی بەشداریی كورد لەو هەڵبژاردنەدا.

هەروەها، هەردوو لایەن لەسەر ئەنجامدانی هاوبەشی چەند چالاكیی دیاریكراو لە داهاتوویەكی نزیكدا، جەختیان کردەوە.