کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندییە ئێرانییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژدا، دانیشتنێکی پێک هێنا

12:36 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەشی پێوەندییە ئێرانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی نۆروێژ، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی کۆمیتەی هاوپێوەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کە لە نۆروێژ لە قۆناغی یەکەمی دامەزراندنیدایە، پێک هێنا.

ڕۆژی شەممە، ١ی پووشپەڕ، بەشی پێوەندییە ئێرانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بە سەرپەرەستیی بەرپرسی ئەو بەشە، "موختار نەقشبەندی"، پێشوازیی لە شاندێکی دەستەی کارگێڕیی "کۆمیتەی هاوپێوەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران"، بە سەرپەرەستیی "ڕەحمان ساکی" کرد و لەسەر چەند پرسی گرینگ، باس و وتووێژیان کرد.

ئەو بابەتانەی کە لەو دانیشتنەدا لەسەریان باس و تاوتوێ کران، بریتی بوون لە:

‎- ئامادەکردنی ئەو چالاکە سیاسییە ئێرانییانە، بۆ پێکهێنانی هاوپێوەندییەکی بەرینتر، لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییە ئێرانی و کوردستانییەکان و چالاکانی سیاسیی سەربەخۆ و "ئێن.جی.ئۆ"وەکان، لە پێناو یەکدەستکردن و چڕترکردنەوەی هەوڵەکان لە دژی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی دەسەڵات و وڵاتی نۆروێژدا.
‎- خاڵە پێشنیارییەکانی ئەو ناوەندە بۆ شاندی حیزب و شیکاریی ئەو خاڵانە، لە پێناو ئەگەری هاوپێوەندی و هاوکاریی زیاتر لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی هاوپێوەندی.
‎- فیدڕالیزم، مافی چارەی خۆنووسین و مافی گەلان لە داهاتووی ئێراندا.
‎- زمانی دایکی و مافی فەرمیبوونی وانەوتنەوە بە زمانی دایکی لەنێو نەتەوە جیاوازەکانی دانیشتووی جوغرافیای سیاسیی ئێران.
‎- شیکاری لەسەر دڵەڕاوکێ و ترسی ئێرانییەکان بۆ دانپێدانانیان بە فیدڕالیزم.
‎ــ ئەگەری جەنگ لە ناوچەکە و سیاسەت و گوتاری دروست لەو پەیوەندییانەدا.

هەروەها، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە پێک هاتبوو له "موختار نەقشبەندی"، "مەنسوور عەزیزی" و "سمکو ئیسماعیلزادە"، لەسەر سەرجەم ئەو خاڵانە، بە وردی ڕاوەستەیان کرد و ڕا و بۆچوونی حیزبیان پێشکەش بە شاندی میوان کرد.

لە بەرانبەردا، بڕیارە ئەو شاندە ڕا و سەرنجی شاندی حیزب هەڵسەنگێنێت و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا، بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لەو بارەوە بخەنە ڕوو.