کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو ڕاگەیاندنکارەکانی سەر بە ڕێژیم لە کوردستان لەگەڵ نوێنەری خامنەیی کۆبوونەوە

15:16 - 12 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی بەناو ڕاگەیاندنکارانی ڕێژیم، کە پێیان دەگووترێ سربازان رسانەای لەگەڵ نوێنەری خامنەیی، پێداگرییان لەسەر خستنەڕووی زانیاری لەسەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سربازان رسانەای ڕێژیم لە کوردستان لەگەڵ محەممەد حسەینی شاهروودی کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند: پێویستە لەدژی ڕاگەیاندنەکانی دژبەری نیزام و ئەو کەسانەی بەستراوە بەوانن کار بکرێت و لە بەرانبەریاندا ڕابوەستین.

ئەم بەناو ڕاگەیاندنکارانە وێڕای دەربڕینی نێگەرانی و ترس لە چالاکیی ڕاگەیاندنەکانی دژبەری ڕێژیمی تاران وتوویانە: پێویستە ڕاگەیاندنەکانی داکۆکیکاری نیزام لە بەرانبەر ‌هەڕەشەی ئەم لایەنانە بەتەواوی وریا و هۆشیار بن.
لەم چاوپێکەوتنەدا بەرپرسانی هەواڵدەریی ئیرنا، حەوتوونامەی آگرین ڕوژ، حەوتوونامەی آمانج، هەواڵدەریی فارس و ڕۆژنامەی ئیتلاعات بەشدار بوون.

سربازان رسانەای ڕێژیم لە کوردستان پڕۆژەیەکیان لە ژێر ناوی بێ‏متمانەکردنی بیروڕای گشتی بەرانبەر بە کەسایەتییە سیاسییە کوردەکان و حیزبە سیاسییەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆن، دەست پێ‏کردووە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

جگە لەمەش ئەم کەسانە ئەرکێکی دیکەشیان لە ئەستۆیە کە بریتییە لە؛ چاودێریی کردن و دانی ڕاپۆرت لە سەر گۆڤار و ڕۆژنامە و حەوتوونامە کوردییەکان بە بەشی فەرهەنگیی و ئەمنییەتیی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران.

بە وتەی جێگری فەرماندەی سپای بیت المقدسی کوردستان، ئەفسەرەکانی شەڕی نەرم و بەسیجی ڕاگەیاندن، ڕۆڵێکی کارایان لە دژی ڕاگەیەنەکانی بە قەولی ناوبراو، بەستراوە بە ضد انقلاب گێڕاوە.

ئەم قسە و لێدوانانە لە حاڵێکدان کە لە کوردستانی ئێراندا، ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک بەرانبەر بە ڕاگەیەنەکانی سەر بە ڕێژیم بێ‏متمانەتر دەبن و لە بەرانبەرێشدا بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەواڵی دروست، کەڵک لە ڕاگەیەنەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەردەگرن.