کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە شاری نۆرنبێرگ

12:08 - 7 رێبەندان 2719

ڕێوڕەسمی  ۷٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆرنبێرگ، بە هاوکاریی پارتی ئازادی کوردستان باکوور (پاک)،  پارتی دێموکراتی باکوور، پارتی سوسیالیستی کوردستان- باکوور، پارتی ماف و ئازادیی کوردستان- باکوور، پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریە و پارتی ئازادی کوردستانی ڕۆژئاوا  لەم  شارەدا بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە کە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو، بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی پێشەوای مەزن و شەهیدانی کورد و کوردستان و هەروەها ڕێزگرتن لە قوربانییانی بومەلەرزەلێدراوانی باکووری نیشتمان دەستی پێکرد.

پەیامی کۆمیتەی نۆرنبێرگ بەم بۆنەوە لەلایەن "حەسەن ڕەزایی"، بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی هاوبەشی ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی کە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکەدا هاوکاربوون  لەلایەن "چنارعوسمانـ"ـەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، خاتوو "لیڤان  لنیڤایی"، نووسەر و چالاکوانی تۆڕی میدیایی و جڤاک، پەیامێکی پێشکەش کرد.

چەندین پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە  پێشکەشی ڕێوڕەسمەکە کرابوو کە بەهۆی کەمیی کاتەوە تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا کە بریتی بوون لە: "یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران".

لە بڕگەگەلی جیاوازدا، "نادر ئەڵڵایاری" بە پارچە پەخشانێک، هونەرمەند "جان جوان عومە " گۆرانییەک، هونەرمەند "ئارم ئارتی"، گۆرانییەک و "هۆزان" هونەرمەندی  مێرمنداڵی عفرینی بە  پارچە موزیکێک، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "مەهدی خاکیـ"ـەوە پێشکەش کرا و لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، "میهمێد تانریڤێردی  Mehmet Tanriverdi  پەیامی ناوەندی کولتووری کورد و ئاڵمانیی شاری برڵینی پێشکەش کرد. 

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.