کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تابلۆکان بشکێنین

09:30 - 16 سەرماوەز 2721

کەریم پەرویزی

کۆلۆنیاڵیزمی حاکم بەسەر ئێراندا، رۆژ لە دوای رۆژ زۆرتر گوشار بۆ نەتەوە خاک داگیرکراوەکان لە ئێراندا دێنێ و هەر رۆژە سیمای دێوەزمەیی خۆی زیاتر دەردەخا.

بەرپرسی پۆلیسی تاران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی رێژیم رایگەیاند کە ناوی کوردی و تورکی و لوڕی و ... بۆ دووکان و شوێنەکان لە تاران قەدەغەیە. لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر، سەرهەنگ نادر مورادی، بەرپرسی پۆلیسی تاران دەڵێ کە ناوی کوردی و تورکی و لوڕی و شومالی و ... نابێ لەسەر دووکان و شوێنەکان لە تاران بنرێن. دەڵێ بە دەستووری وەزارەتی ئیرشادی رێژیم، ئەو ناوانە تەنیا لە پارێزگاکانی خۆیان بەکار دەبرێن. بەرپرسی پۆلیس دەڵێ ئەو زمانانە زمانی ناوچەیین و نابێ لە تاران بەکار ببرێن و دەبێ هەرکامەیان لە شوێنی خۆیان ئیجازەیان پێ بدرێ!

ئەوەی کە بە وتەی بەرپرسی پۆلیسی تاران ، زمانە ناوچەییەکان! تەنیا دەبێ لە شوێنی خۆیان بۆ ناوی دووکان و شوێن کەڵکیان لێ وەر بگیرێ دیارە لووتفێکی زۆر گەورەی کردووە بە نیسبەت ئەو زمانانەوە! چونکە لە کوردستان بۆ وێنە، بەرپرسانی رێژیم رێگەی بەکارهێنان بە زمانی کوردی نادەن  و زۆرجار ئەوەندە گرفت بۆ خەڵک دروست دەکەن کە لە ناوی کوردی پەشیمان ببنەوە.

سیستمی کۆلۆنیاڵیستیی داسەپاو کە بە هێزی چەک و کوشتار و تیرۆر لە سەدەی رابردووەوە لە رەزاخانی پاڵەیەوە تا ئێستا بەسەر ئەم جوغرافیایەدا زاڵ بووە، هەموو هەوڵێکی بۆ سڕینەوەی نەتەوەکان لە ئێراندا داوە و تەنیا و تەنیا ویستوویانە کە زمانی فارسی بمێنێتەوە و هەموو زمان و نەتەوەکانی دیکە بسڕێنەوە و بتوێننەوە.

ئەمەی کە لە زمانی سەرۆکی پۆلیسی تاران راگەیەندراوە، بەشێکی زۆر زۆر بچووک لەو سیاسەتە شۆڤێنیستی و کۆلۆنیاڵیستیەیە کە بۆ تواندنەوەی نەتەوەکان بەڕێوەی دەبەن.

لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی رێژیم حاکم لە تاراندا، پێویستە کە نەتەوە ستەملێکراوەکانیش کاردانەوەیان هەبێ و بەرەوڕووی ببنەوە. لە ئێستادا کە رێژیم بەم شێوەیە و لە تابلۆی دووکان و شوێنەکاندا هەڵاواردن و شۆڤێنیزم پێڕەوەی دەکا، باشتر وایە کە نەتەوە ژێرستەمەکانیش لەبەرامبەردا رێگە نەدەن کە تابلۆ بە زمانی فارسی لە نیشتمانەکەیان هەبێ. کاتێک کە رێژیم بڕیار دەدا کە ناوی کوردی و تورکی و ... لە تاران و شارە فارسنشینەکان قەدەغە بکا، باشترین هەڵوێست و کاردانەوە لە لایەن نەتەوەکانەوە ئەوەیە کە ئەوانیش لە ناوچەی خۆیان و لەسەر خاکی خۆیان زمانی فارسی بۆ دووکان و شوێن  و تابلۆکان قەدەغە بکەن. باشتر وایە کەمپەینی لاوانی بەهەڵوێست وەڕێ بخرێ و هەرچی تابلۆی فارسییە لەسەر خاکی نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ئێران بشکێندرێن.