کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاهیر مەحموودی: ھەر کەس و لایەنێک بە ھەر پاساوێک ھەڕەشە لە ژینگەپارێزانی کوردستان بکات، لەگەڵ بەکرێگیراوێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیاوازیی نییە، ھەر بەو پێوانەیەش ڕەفتاری لەگەڵ دەکەین

19:12 - 26 جۆزەردان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "سەوزی چیا"ی مەریوان، لەهەمبەر هەڕەشە، بێڕێزی و بێحورمەتیی نیشتمانفرۆشان و کاولکارانی ژینگە بە ژینگەپارێزان و ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: "هەڕەشە و گوڕەشە و قسەی ناشیرین و نەشیاو بەرانبەر بە ئەندامان و ئەنجومەنەکەمان بووەستێنن، چونکە دڵنیا بن ئەگەر دووبارە ببێتەوە چیتر بەرانبەر بە بێڕێزی و بێحورمەتی بە ئەندامان، شەهیدانمان و چیای سەربەرزمان بێدەنگ نابین".

جێی ئاماژەیە کە کاولکارانی ژینگە وێڕای ئەوەی کە بە بەردەوامی خەریکی داگیرکردنی دارستانەکانن، تەنانەت تۆمەتیان لە ژینگەپارێزانیش داوە.

لەمبارەوە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "تاهیر مەحموودی"، بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

- کاک "تاهیر"، هەروەک ئاگادارن، لە ئەمساڵدا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بەتایبەت شاری مەریوان، دارستان و لێڕەوارەکان لەلایەن هەلپەرستان و کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە بە مەبەستی دروستکردنی باخ و فرۆشتنی دار و خەڵووز، لەنێو بران؛ دەزگای ڕێکخستنیش لەمبارەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لەقاودانی کاولکارانی ژینگەی لە خەڵک کرد؛ دوای بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە ئایا لەلایەن خەڵکەوە زانیاریی وردتان دەست کەوت؟

لەنێوبردن و بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بەداخەوە چەند ساڵێکە لەلایەن کۆمەڵێک ھەلپەرستەوە ئەنجام دەدرێت و بەداخەوە خەریکە ببێتە دیاردە، بەڵام دیاردەیەکی ناشیرین و ناشارستانی وەکوو ئەرکێکی سەرشانمان و بە ھەستکردن بە بەرپرسایەتیی حیزبەکەمان لە پاراستنی ژینگەی کوردستان، بە ناوی دەزگای ڕێکخستنەوە بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە و زیانەکانی ئەو کارە و ھەروەھا مەترسی بۆ سەر ژینگە و ژیانی خەڵک و بێدەنگیی ڕێژیم لە ئاست ئەو کاولکارییەمان باس کرد، لە ھەمان کاتدا داوامان کرد کە خەلکی دڵسۆز بە دەنگ حیزبەکەمانەوە بێن و ئەو کەسانە کە بەردەوام دەبن و گوێ بەو داوایە نادەن و بۆ بەرژەوەندیی شەخسی ژینگەی کوردستان کاول دەکەن، ناوەکانیان بە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب بدەن کە  بە خۆشییەوە لەمبارەوە خەڵکی کوردستان وەڵامی داوای ئێمەیان دایەوە.

- ڕەوتی کاولکردنی ژینگە هێشتا درێژەی هەیە؛ لەمبارەوە حیزبی دێموکرات پلان و بەرنامەیەکی بۆ پێشگرتن بەم کاولکارییانە هەیە؟

ژینگەی کوردستان و ئەو دارستانە تەنیا مڵکی چەند کەسێک نییە، بەڵکوو سەروەت و سامانێکی نیشتمانییە و پارێزگاری لێکردنی ئەرکی ھەر تاکێکی بەرپرسیارە لەو کۆمەڵگەیەدا. کەوایە کاتێک حیزب بانگەوازێک دەکات و ڕوو بە خەڵکی کوردستان زیانەکانی ئەو کاولکارییە باس دەکات و لەولاشەوە کۆمەڵێک کەسی نابەرپرس گوێ بەو داخوازییە ڕەوایە نادەن، زۆر سروشتییە، دەبێ چاوەڕوان بن باجی ھەڵەکانیان بدەن.

- کاولکارانی ژینگە لەوپەڕی بێحورمەتییەوە تۆمەتیان لە ژینگەپارێزان داوە و تەنانەت ئاگاداری ئەوەین کە هەڕەشەی کوشتن و لێدانیان لێ کراوە؛ لەمبارەوە هەڵوێستی حیزبی دێموکرات چی دەبێت و بۆ پشتیوانی لە نیشتماندۆستانی نێوخۆی وڵات چ هەنگاوێک هەڵدەگرێت؟

لە وڵاتانی خواپێداو پەیکەر بۆ ئەو کەسانە دروست دەکرێت کە بەبێ ھیچ چاوەڕوانییەک ژینگە دەپارێزن و ھەوڵی مانەوەی دەدەن. بەڵام لە وڵاتی ئاخوندلێدراوی ئێران ھەڕەشە و تەھدید دەکرێتە سەر ئەو مرۆڤە فریشتەئاسایانە کە ئامادەن گیانی خۆیان بسووتێنن بەڵام ژینگەی وڵاتەکەیان نوسووتێت، کە دیارترین نموونەی، شەھیدی ژینگە "شەریف باجوەر"ە، کەوایە ھەر کەس و لایەنێک بە ھەر پاساوێک ھەڕەشە لە ژینگەپارێزانی کوردستان بکات، لەگەڵ بەکرێگیراوێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیاوازیی نییە، ھەر بەو پێوانەیەش ڕەفتاری لەگەڵ دەکەین.

- ئێوە وەک دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات، چ داواکارییەکتان لە خەڵکی کوردستان هەیە؟

داوامان لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە، پشت و پەنا و یارمەتیدەری ژینگەپارێزانی کوردستان بن. ڕێگا نەدەن بە دەستی کۆمەڵێک گێرەشێوێن و ھەلپەرست ژینگەی سەوزی وڵاتەکەمان لەنێو بچێت و بە یەکگرتوویی و یەکدەنگیی خۆیان وڵامێکی شیاو بەو کەسانە و بە ئەربابەکانیان کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بدەنەوە و بە ھەڵوێستی لێبڕاوانە و یەکگرتوویان دەتوانن پێش بەو کاولکردنەی وڵاتەکەمان بگرن و ئەوەشیان لەبیر نەچێت، بە دەنکە شەمچەیەک دەکرێت دارستانێک ئاگر بدرێت، بەڵام ڕاگرتن و زیندوومانەوەی ژینگەی وڵاتەکەمان کاری ھەموو لایەکمانە و چۆن کۆرپەکانمان لامان ئازیزن، ئاواش ھەر دارێکی ئەم کوردستانە دەبێ خۆشەویستی ھەموومان بێت.

- پەیامی ئێوە بۆ ئەو نیشتمانفرۆش و کاولکارانەی نیشتمان چییە کە هەڕەشەیان لە ژینگەپارێزانی وڵات کردووە؟

پەیامی ئێمە ڕوونە، باشتر وایە بە خۆیاندا بێنەوە و دەنگی زوڵاڵی ژینگەپارێزی و ژینگەدۆستی لەو "ووزە ووزە"ی ئەوان بەھێزترە و کارێک نەکەن پەشیمانیی لە دوا بێت و بەو ھەڵسوکەوتەیان ڕیسوایی زیاتر بۆ خۆیان نەکڕن و دەست بۆ ژینگەپارێزانی کوردستان نەبەن. چونکە دادگای خەڵک نایانبەخشێت.

لەگەڵ ھیوای سەرکەوتن