کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاهیرمەحموودی: ڕێژیمی ئێران چونکە بە چاوی دوژمنەوە لە خەڵکی کوردستان دەڕوانێت، حەزیش دەکات کوردستان ببێتە گۆڕستانێک و ژیان تێیدا مانایەکی نەمێنێت

18:59 - 16 پووشپەڕ 2720

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

لەوڕگە و دارستانەکانی کوردستان لەلایەن دوژمنانی ژینگەی کوردستانەوە چەندین ساڵە ئاگریان تێبەردەدرێت و لەنێو دەبرێن.

ڕێژیم و شوێنە فریاگوزارییەکان نەتەنیا هیچ هەنگاوێک بۆ کوژاندنەوە و پاراستنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان هەڵناگرن بەڵکوو ڕێگری لە هەوڵی خۆبەخشانەی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان دەکەن و تەنانەت تەنگوچەڵەمەیان لەبەردەمیاندا دروست کردوون و جاریش وایە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاندوون.

لە هاوینی ۹۷ی هەتاوی، هاوڕێ " شەریف باجوەر" وێڕای سێ هاوڕێی تری لە هەوڵی پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان لە ڕووداوی ئاگرتێبەردانێکی گوماناوی لە مەریوان شەهید کران.

لە ڕەوتی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی زاگرۆس کە هەروا دێت و پەرە دەگرێت، ئەمجارە لە دارستانەکانی ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵ" لە پاوە ڕۆژی ٨ پووشپەڕی ۹۹ سێ ژینگەپارێزی دڵسۆزی نیشتمان بە ناوەکانی "موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر گیانیان لەدەست دا.

لەم وتووێژەدا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، ڕوانگەی ڕێژیم بە ژینگەی کوردستان و گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزان بە شێوەی گوماناویمان لەگەڵ بەڕێز ''تاهیرمەحمودی'' بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خستووەتە بەر باس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین. 

- هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوڕگەکانی کوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە و چ ناوەند و کەسانێک لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا بەرپرسیارن؟

دارستان و ژینگەی ھەر وڵاتێک موڵکی گشتیی ئەو وڵاتەیە. پاراستن و پارێزگاری لێکردنی ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگە و حکوومەتی ئەو وڵاتەیە. ئاگرگرتنیش تەنیا لە کوردستان نەبووە و لە زۆر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا ئاگرکەوتنەوە ڕوودەدا.ت

بەڵام لە کوردستان و لەژێر سێبەری ڕێژیمێکی دژەگەلی وەک کۆماری ئیسلامی مەسەلەکە جیاوازە. بەرپرسیاری ئەسڵی دامودەزگاکانی ڕێژیمن و ئەوان نەک لەوڕگە و دارستانەکان، بەڵکوو ژیان بۆ  تاکەکانی کوردیش بە ڕەوا نازانن، لە بەرامبەر خەڵک و خاک و ئاو و ژینگەی ئەم وڵاتە کەمترین ھەستی بەرپرسایەتییان نییە و بگرە، ھۆکار و ڕێگەخۆشکەری ئەم ئاگرکەوتنەوانەن. ئەوانەش کە بە پێوە بە سەربەرزی بۆ نیشتمان بە شانازییەوە گیان دەدەن بە کەسی ئیحساسییان لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن بێ ھەماھەنگی ئەو کارەیان کردووە! ئەوانەی بۆ ژینگە دەمرن و وەک چیاکانی کوردستان بە پێوە وەستاون بە تاوانبار دەزانن و خۆشیان کە ھۆکاری ئەو کەمتەرخەمییەن بە دڵسۆزی وڵات لەقەڵەم دەدەن!

- ڕێژیمی ئێران چۆن دەڕوانێتە خاکی کوردستان و سیاسەتی زرەبەلێدانی ڕێژیم بە سەرچاوە گشتییەکانی کوردستان لە ڕاستای چ ئامانجێکدایە؟

لە سەرەتای ھاتنەسەرکاری ڕێژیمەوە، کوردستان بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و بە چاوی پادگانێکی گەورە سەیری دەکرێت. ھەروەک چۆن خەڵکەکە بە چاوی دوژمن سەیریان دەکرێت، ئاواش خاکی کوردستان دەکەن بە سوتماک و زەربەی لێ دەدەن. نەک ھەر بە سووتاندنی بەڵکوو حەز دەکەن کوردستان ببێت بە گۆڕستانێک و ژیان تێیدا مانایەکی نەمێنێت. نموونەی وشککردنی گۆلی ورمێ، کە ڕێژیم سەبەبکاری ئەسڵییەتی، ھەروەھا بە بیانووی گواستنەوەی ئاوی کوردستان ئەو ھەموو تونێل و وێرانکردن و تاڵانی سامانی ژێر زەوی و لە یەک وشەدا ئەنفالی خاک و خەڵکی کوردستان کاری ئەو ڕێژیمە بووە و لە داھاتووش دەبێ شاھیدی ئەو ماڵوێرانییانەی بین.

- ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە هیچ یارمەتییەکی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان نادات، بۆچی ڕێگری لە چالاکییەکانیشیان دەکات؟

ئەو سیاسەتەی باسمان کرد ڕوونە ڕێژیم ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی بە کۆسپ و لەمپەڕی سەر ڕێگای ئامانجە نگریسەکانی دەزانێت و لە جیاتی ئەوە کە یارمەتی و ھاوکارییان پێشکەش بکات و کارئاسانییان بۆ بکات و ھانیان بدات، ھەروەک ئاماژەتان پێ کرد بە چاوی ئەمنییەتییەوە چاویان لێ دەکات و لە بیانوویەک دەگەڕێت بۆ ئەوەی ژیانی ئەو ئازیزانەش وەک داربەڕووەکانی کوردستان لە قرچە قرچی ئاگردا بسووتێت، ڕێژیمێک کە حەز بە خوێن و فرمێسک و تازیەباری و سووتان دەکات و ڕقی لە ھەموو شتێکی جوان و ھەموو سروشتێکی دڵگێرە و خەڵک و خاکەکەی بە دوژمنی خۆی دەزانێت،  کورد بوونی ئەوانە بەسە بۆ ئەوەی بە چاوی دوژمن و نەیار لێیان بڕوانێت و ھەوڵی لەنێوبردنیان بدات.

- شەهید ''شەریف باجوەر'' و هاورێیانی لە هاوینی ٩٧ لە مەریوان هەروەها شەهیدان ''موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی'' کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست دا، ئایا ئەم ئاگرکەوتنەوانە دەکرێت وەکوو پیلانێکی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی دڵسۆزانی نیشتمان لێی بڕوانین؟

ھەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن چ لە کاتی شەھید شەریف باجوەر و چ شەھید موختار و ھاوڕێیانی پیلانی ژەھراویی ڕێژیمە. چوونکە لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەکوو ڕێکخستنی حیزب لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەمان پێکرد، ئەگەر نییەتی باشیان بوایەت بۆچی بێسیمەکانیان لێ وەرگرتوون؟ بۆچی خەتی مۆبایلیان قەتع دەکرد؟ لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بۆ ھەوڵێکی جیدییان نەدا پێش بەو ئاگرە بگرن. لە وڵاتانی پێشکەوتوو فڕۆکە و ھێلیکۆپتێر و تیمی تایبەت بۆ ئەو کارانە ھەیە، بەڵام ڕێژیم سەرمایە و داھاتی وڵات دەخاتە دەستی گرووپە تێرۆریستییەکان. سەیر ئەوەیە تەنانەت دارستانەکانیش مینڕێژ دەکرێن بۆ ئەوەی لە ئەگەری ھەر ڕووداوێک زیانەکە چەند بەرابەر بێت. ھەر بۆیە گومانمان لەوەدا نییە کە ڕێژیم تاوانباری ئەسڵیی ئەو سووتانە و ھۆکاری شەھیدبوونی ئەو ژینگەپارێزانەیە.

- حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و میدیاکانی ئەو حیزبانە لە پەیوەندی لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی خەڵک بەنیسبەت گرینگیی ژینگەی کوردستان چۆن دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت؟

حیزبەکان و میدیای ئەو حیزبانە، دەتوانن و دەبێ دەوری زۆر باش و کاریگەر بگێڕن و سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیم بۆ بە سووتماککردنی کوردستان لە ڕێگای میدیاکانیان لەقاو بدەن و مەحکوومی بکەن و خەڵکی وشیاری کوردستان لە پیلانەکانی ڕێژیم ئاگادار بکەنەوە.

نابێ ئەوەمان بیر بچێت، ئەو دارستان و ژینگە و خاکە تایبەت نییە بە حیزب و ھێزێکی سیاسی و یان چەند حیزب، ئەوە موڵکی گشتییە و ھی سەرجەم خەڵکی کوردستانە و پاراستن و پارێزگاری لێکردنی ئەرکی ھەموو خەڵکی کوردستانە.

بێدەنگی لە ئاست ئەو ھەموو جینایەتە، کۆماری ئیسلامی چاوقایمتر دەکات کە بێ گوێدان بە ھیچ چەشنە پێوانەیەکی ئینسانی و ئەخلاقی لەسەر سووتانی ژینگەکەمان بەردەوام بێت و بە بەرچاوی خەڵکەکەمانەوە شاھیدی جەرگسووتانی جگەرگۆشەکانمان بین. کەوایە بێدەنگی چارە نییە و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە دژ بەو ڕێژیمە سەدە نێوەڕاستییە بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان ھەڵسین.