کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانی راسانە!

18:05 - 31 پووشپەڕ 2718

کەریم پەرویزی

هەرچی کات تێدەپەڕێ، راسان قووڵتر و پەرەگرتووتر دەبێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زیاتر بەرەوپیری ئەم قۆناخە نوێیەی خەباتی نەتەوەکەیان دەچن و هەرچی چین و توێژی زیاتر بەرەوپیری راسان دەچن، هیوای هەڵکشان بەرەو لووتکەی سەربەستی گەشاوەتر دەبێ و لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنانی گەل زیاتر تەنگەتاو دەبن و دەست بە پەلەقاژەی زیاتر دەکەن و دڕندەیی زیاتر دەنوێنن.

دەسپێکی راسانی رۆژهەڵات، هیوا و ئاواتی بەرینتربوونەوەی خەبات و گۆڕانکاریی قووڵی لە دۆخی جێگرتوودا زیندوو کردەوە. لەبەرامبەریشدا دوژمنان و نەیاران، بە سووک چاویان لە راسانی رۆژهەڵات دەکرد و وەکوو دروشمێکی بێ مانا کە لە نێوەڕۆکدا بەتاڵە و تەنیا بۆ ئیستفادەی تەبلیغییە ناویان دەبرد.

بەڵام بە بەرەوپێشچوونی راسان و بە گیانبازیی پێشمەرگە و حەماسەی رۆڵە ئازاکانی گەل، وردە وردە دوژمنانیش هەستیان بەوە دەکرد کە راسان بەڕاستییە!

راسان ئێستا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ورەی شۆڕش و خەباتی لە نێو کۆمەڵگادا بەرز کردۆتەوە و ئەوە ئیدی لاوانی کورد، کچ و کوڕانی وریا و چاونەترسن کە خۆیان راسان دەبەنە پێش و باڵای بەرزی شۆڕشگێڕانی کچ و کوڕ بۆتە داری هەڵگری ئاڵای نیشتمان و ئاڵای خەباتی لەسەر رادەشەکێ و پرچیان تێکەڵ بە پرچی داربەڕووی نیشتمان بووە.

هەرچی راسان جێگرتووتر دەبێ و راسانی رۆژهەڵات پەرەی زیاتر دەستێنێ، دوژمنی گەلیش هارتر دەبێ و پەنا دەباتەوە بەر دڕندانەترین شێوازەکانی دژایەتیی مرۆڤەکانی ئەم نیشتمانە قەت‌کۆڵنەدەرە.

لە بەرەپێشچوونی راساندا دووبارە ئەوە هێزە دژی گەلییەکانن کە ترسیان لی دەنیشێ و هێزی تیرۆریستیی سوپای پاسداران و بەکرێگیراوەکانیان کە ورەی بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگەیان نییە و پێشمەرگەی ئازای گەل، رۆڵەی خۆشەویستی نیشتمان لە نێو باوەشی کوردستاندا و لە نێو دڵی خەڵکدا پێشوازیی لێ دەکرێ.

لەوها دۆخێکدا، کۆماری ئیسلامی وەکوو پیشەی هەمیشەیی کە لە بەرەوڕووبوونەوەی راستەوخۆ دەترسێ و هێزەکانی زندەقیان چووە، دەست دەکاتەوە بە کردەوە دزێو و ترسنۆکانەکانی. لە دەیەی شەست و حەفتای هەتاویدا، هەر دەم سوپای پاسداران و بەکرێگیراوان، بوێری بەرەوڕووبوونەوەی پێشمەرگەیان نەبوو، دەچوون ئازاری بنەماڵەی پێشمەرگەکانیان دەدا، یان بە کردەوەی دژە مرۆیی وەکوو تەقینەوە و ژەهراویکردنی خواردن و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، تۆڵەی شکست و سەرشۆڕییەکانیان لە پێشمەرگە دەکردەوە.

ئێستاش دووبارە هەمان کردەوەی دژەمرۆیی لە دوژمنی گەل واتە کۆماری ئیسلامی دەبینیەوە، بەو جیاوازییەوە کە ئێستا چەک و ئامرازی دژەمرۆیی زیاتریان لە رێژیم و گرووپە هاوشێوەکانیان وەدەست خستوە و رقێکی پەنگخواردووی ژەهراویی زۆرتر بەسەر خەڵکدا دەبارێنن.

ئێستا سوپای پاسداران، بە چەکی فسفۆریی قەدەغەکراو لە پێشمەرگە و لە شاخەکانی کوردستان دەدەن. لە بەرەوڕووبوونەوە دەترسن، لە دوورەوە لە مەودای دەیان کیلۆمێترییەوە بەو ئامرازە تاوانبارانەی کە لە رێژیمی وەکوو بەشار ئەسەد و کۆرەی شومالییان دەست خستوە، کینی ژەهر بە سەر کوردستاندا دەبارێنن.

هەرچی دوژمن زیاتر پەنا بەرێتە بەر کردەوەی دزێوتر و هەڵسوکەوتی ترسنۆکانەی دژەمرۆیی زیاتر بنوێنێ، دڵنیا بن کە راسانی رۆژهەڵات زۆرتر و زۆرتر تەنگی بە رێژیم هەڵچنیوە. راسان تاوانباری سەرەکییە لە ترس خستنە نێو دڵی دوژمن، بۆیە ناوی راسان بۆتە مۆتەکەی گیانی پاسدار و بەکرێگیراوان.