کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆقلە کۆشک

19:50 - 15 خەزەڵوەر 2719

کەریم پەرویزی

پیرەمێردێکی عەرەب، تاکە کەوشەکانی دەرهێنابوو و بە هەموو ڕق و هێزەوە لە دەموچاوی وێنەیەکی سەددامی دەکێشا لە شەقامێکی سەرەکیی بەغدادا؛ ئەم رووداوە لە هەموو جیهاندا بڵاو بوویەوە.

کاتێک کە هێزەکانی ئامریکا بە تانکەوە هاتنە نێو گۆڕەپانی فەلەستین لە بەغدا و چەند ساتێک دواتر پەیکەرە گەورەکەی سەددامیان لە نێوەڕاستی بەغدا رووخاند، خەڵکی عێراق هەستیان دەکرد دەست لە بەربینگیان بەر دراوە و هەوایەکی ئازاد هەڵدەمژن و ژیانیان بەرەو ئازادی و گەشانەوە دەڕوا.

ئەمە ترسێکی گەورەی لای کۆماری ئیسلامی دروست کردبوو کە نەیدەویست عێراقی داهاتوو ببێتە نموونەیەکی باش بۆ ناوچە و خەڵکی ئێرانیش تەماحیان وەبەر بکەوێ کە ئەوانیش چاویان لەو داهاتووە بێ، بۆیە هەموو جۆرە گرووپێکی توندئاژۆی چ سوننی و چ شیعەیان هان دا و پشتیان گرتن تاکوو بەگژی ئامریکاییەکانیدا بکەن و عێراق وێران بکرێ و نوقمی شەڕی نێوخۆیی بێ.

ئەمە حیکایەتی پازدەساڵی رابردووی عێراق بوو کە کۆماری ئیسلامی هەم لە کۆمەڵگای شیعە کەڵکی نابەجێی وەردەگرت و لە گرووپی جیاجیادا رێکی دەخستن و بە دژی ئامریکاییەکان و سوونییەکان و تەنانەت بە دژی یەکیدا دەکردن، لەولايشەوە دەستێوەردانی لە کاری کوردەکان و نێو گرووپە سونییەکانیش دەکرد. بەم ئاڵۆزییانە دەیویست هەم دژایەتیی ئامریکایان پێ بکا و هەم وایان لێ بکا کە بەردەوام چاویان لەدەستی سوپای قودس بێ تاکوو بێت و رێکیان بخا و لە هەڵبژاردنەکاندا گزە و تەقەلوبیان بۆ بکا و دوایەش سەرۆکوەزیری دڵخوازی خامنەییان بۆ دابنرێ.

ئەم کۆشکەی کۆماری ئیسلامی لە عێراقی دروست کردبوو، هەم کۆمەڵگای عێراقیی پی کۆنترۆڵ دەکرد و هەم گرووپی تیرۆریستیی تێدا دادەمەزراند و بە دژی وڵاتانی دەوروبەر و ئامریکا و ئیسراییل و هەموو گەلانی ناوچەش وەگەڕی دەخستن و هەم ئابوورییەکەی عێراقی کردووە بە پەناگەیەک بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ جیهانییەکان.

بازاڕ و بەندەر و بانکی عێراقیی کردووە بە رووکەشێک بۆ هەموو کارە مافیایی و تاڵان و گەندەڵییەکان و دەوردانەوەی سزا جیهانییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەمان حیکایەتی بە شێوازێکی دیکە بەسەر لوبنانیشدا هێناوە و هەم ئاژاوە و هەم گەندەڵیی بەرفراوانی پەرە پێ داوە و باندە مافیاییەکانی لەوێش حاکم بەسەر چارەنووسی خەڵک کردووە.

کاتێک خۆر لە دیوارە تەنکەکانی ئەم کۆشکەی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا و بەیرووتی دەدا، بە هەزاران رەنگ دەردەکەوت و شەبەقی دەدایەوە و خامنەیی سەرخۆش بوو بەوەی جوغرافیای موقاومەتی تاکوو تاران و تاکوو بەیرووت و دەمشق بەربڵاو کردۆتەوە!

بەڵام نەیدەزانی کە گەر کۆشک لە سەر بناخەی با دروست بکا و دیوارەکانی لە تۆقلەی ئاو دامەزرابێ، ئەم کۆشکە تۆقلەییە بە دەرزییەک دەتۆقێ و بای بناخەکەی دەبێ بە رەشەبایەک کە بۆ رووخانی خودی ویلایەتی فەقیهی هەڵ دەکا.

ئێستە لە شەقامەکانی بەغدا خەڵکی بەغدا دووبارە بە تاکە کەوش لە دەموچاوی وێنەیەک دەدەنەوە، بەڵام ئەمجارە وێنەکە سەددام نییە، بەڵکوو وێنەی خامنەییە کە بەر کەوش دەدرێ.