كۆمێتەی گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد بەبۆنەی ٢٨ــەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنوس، چالاكییەكی ئانڵاینی بەڕێوە برد كە تێیدا نووسەر و توێژەر دوکتور"هاشم ئەحمەدزادە" گفتوگۆیەكی ئەكادیمی لەبارەی كتێبەكەی دوکتور "سادق شەڕەفكەندیـ"ـیەوە پێشكەش كرد.
ئەو وێبینارە لەژێر ناوی: "مێژوونووسی و مێژوو، ئاوڕێک لە كورتەمێژووی بزووتنەوە نەتەوایەتییەكانی كورد لە دوکتور "سادق شەڕەفكەندی" لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوئێد بەڕێوە چوو.
سەرەتای ئەوە وێبنارە بە سروودی "نەتەوەیی ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی گەل و حیزب دەستی پێكرد.
سەرەتا "ئەحمەدزادە" لە بواری تیئۆری باسی ئەو کتێبەی کرد. ناوبراو لەبارەی چەمكی مێژوو و باری زانستیی مێژوو ئاماژەی بەوە كرد مێژوو پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی هەیە بەوەی كێ و كەی و چۆن و لە كام ڕەهەندەوە دەینووسێتەوە و ڕوونی كردەوە كە ئەگەر مێژووی كورد شێوابی، هەڵەی مێژوونووسە و نەک كورد خۆی.
دواتر "ئەحمەدزادە" بەگرینگەوە باسی لەو كتێبەی دوکتور سادق شەڕەفكەندی كرد كە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر نوووسراوە و تێیدا باس لە مێژوو و پاشخانەكانی دیرۆكی كوردی لە شۆڕشی نەتەوەیی لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان كردووە؛ تەنیا بۆ ئەوەی بۆشاییەک بۆ خوێنەری كورد پڕ بكاتەوە كە مەبەستی سەرەكیی دوکتور سادق ئەوە بووە كورد هەرچی زیاتر ئاگاداری ڕابردووی خۆی بی.
باسی دیکە چوونەناو شۆڕشەكانی كورد بوو كە دوکتور سادق باسی كردوون و لێرەدا دوکتور "هاشم" بەوردی شی كردەوە لەوەی كورد و شۆڕشەكانی هەمیشە ڕەوایەتیی نەتەوەیییان هەبووە لەوەی كردوویانە، بەڵام ئەوەی كێ ئەو مێژووە دەنووسێتەوە ڕەنگە كاریگەریی گرینگی هەبوو بی لەوەی ئاراستەی مێژوومان بەرەو كوێ دەچی.
لە کۆتاییدا دکتور "ئەحمەدزادە" باسی لە كەموكوڕییەک كرد لەوەی کە كورد ئاگاداری مێژووی خۆی نییە و ئەم خاڵە وای كردووە كەمتر لە هێزی ئێستا و ڕابردووی خۆمان تێبگەین.
وێبنارەكە بە پرسیار و وەڵامی بەشداران کۆتایی پێهات.