کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" ئەسپەردەی خاک كرا

10:42 - 16 سەرماوەز 2720

ڕێوڕسمی بەخاکسپاردنی سەرهەنگ "سمکۆ عەلیار" بە بەشداریی مامۆستا مەلا "حەسەن شیوەسەڵی" ئەندامی ئیفتخاریی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱٤ی سەرماوەز، تەرمی کاک "سمکۆ عەلیار" بۆ دواماڵاوایی گەیەندرایە کلیسای گۆڕستانی شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوئێد و بنەماڵە و بەشێک لە خزم و کەسوکاری‌ بە دانانی تاجەگوڵینه‌ و نیشاندانی هاوخەمی لەگەڵ یەکترى، ماڵاوایی یەکجارییان لێکرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا "عەزیز مورادپەرست" بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتی و سه‌رجه‌م ئەندام و لایەنگرانی حیزب لەو وڵاتە، تاجەگوڵی ڕێز و وەفای لە بەردەم تابووتی تێکۆشەری نه‌مر کاک "سمکۆ عەلیار" دانا و هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی بە هاوژین و منداڵەکان و بنەماڵەی دیارى عەلیار گەیاند.

لەو ڕێوڕەسمەدا مامۆستا مەلا "حەسەن شیوەسەڵی" و خاتوو "کلسوومـ"ـی هاوژینی بەشدار بوون و دواماڵاواییان لە تەرمی کاک "سمکۆ" کرد.

بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا و بۆ لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی خەڵک ڕێژەیەکی سنووردار له ئەندامانی بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کۆچکردوو ئاماده بوون.

کاک "سمکۆ عەلیار" فەرماندە و تێکۆشەری دێرینی حیزب و گەل، ڕۆژی ۲۲ی خەزەڵوەرى ئه‌مساڵ بەهۆی نەخۆشی لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کردبوو.