کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی نەسیم عەزیزی لە وڵاتی سۆئێد بە خاک ئەسپێردرا

16:37 - 24 رەزبەر 2720

تەرمی ئەندامی دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە چەند ڕۆژ پێش ئیستا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە شاری "ڤێسترۆس" لە وڵاتی "سوئێد" گیانی لەدەست دا بە خاک ئەسپێردرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، تەرمی "نەسیم عەزیزی" کچی شەهید "محەممەد عەزیز عەزیزی"، لە گۆڕستانی شاری "ڤێسترۆس" " بە پۆشینی بەرگی کوردی و لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا بە خاک ئەسپێردرا.

هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "سوئێد" پێکهاتوو لە "مەولوود عەبدیلزادە" بەرپرسی کۆمیتە و "عەزیز مورادپەرەست"، بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی کۆمیتە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری کۆچکردوو بەشداریان لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ناوبرادا کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی گەورەی شاری "ڤێسترۆس"، بەمەبەستی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کۆچکردوو بەڕێوەچوو، پەیامی هاوخەميی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە خوێندرایەوە.

"نەسیم عەزیزی" هاوسەری تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک "محەممەد بایەزیدی" دوای سێ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە ڕۆژی ۱٥ی ڕەزبەر لە نەخۆشخانەی شاری "ڤێسترۆس" کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب بوو و بنەماڵە سەربەرزەکەیان خاوەنی ۳ شەهیدن لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا.