کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆ بایدێن ڕەخنەی لە دۆخی ئازادیی بەیان لە تورکیەدا گرت

15:17 - 3 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: جۆ بایدێن جێگری سەرکۆماری ئەمریکا، ڕەخنەی لە نەبوونی ئازادیی بەیان لەو وڵاتی تورکیەدا گرت و گوتی کە؛ ئەو وڵاتە نەیتوانیوە نموونەیەکی باش بۆ ئازادیی بەیان بێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، جۆ بایدێن ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، نیسبەت بە دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و گوشار بۆ سەر لێکۆلەران ڕەخنەی توندی لە دەوڵەتی تورکیە گرت.

هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی کردەوە کە جۆ بایدێن ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانە گرینگەکەی خۆی گرت.

ناوبراو لە ڕێکخراوی ناتۆدا گوتی کە؛ کار و کردەوەی حکوومەتی تورکیە لە سەردەمی ئەردۆغان‌دا نموونەیەکی باش لە ئازادیی بەیان نیە.

سەدۆزگەری تورکیە، دوای ئەوەیکە ١٢٠٠ کەسایەتیی ئاکادمیک و لێکۆڵەر نیسبەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە، ناڕەزایەتیان دەربڕی، پەروەندەی بۆ دروست کردوون.

حکوومەتی تورکیە هەنووکە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تویتێری داخستووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە تورکیە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانە کە پێش بە ئازادیی بەیان دەگرێت.

تورکیە لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە، یاسایەکی نوێی لە بارەی سانسۆر پەسند کرد و ئێستاش بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ئازادیی بەیان، تورکیە لە بواری ئازادیی بەیان و چاپەمەنی، پلەی ١٣٨ی لە جیهاندا هەیە و یەکێک لە مەرجەکانی تورکیەش بۆ بوون بە ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، باشترکردنی دۆخی ئازادیی بەیان و چاپەمەنی لەو وڵاتەدایە.