کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیژنی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو

12:31 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی چەندین حیزبی کوردستانی لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی وڵاتی سویس، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی هاوبەشیی کومیتەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە لایەن "فەوزیە پەریسان" پێشکەش کرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێمە دەبێت بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی خۆشک و براکانمان لە شاخەکانی کوردستان بین کە بۆ خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی کۆماری کوردستان لە خەبات بۆ ڕزگاریی نیشتمانیان بەردەوامن.

لە برگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، "ڕامیار خادەمی"  لە بەشی پێوەندییەکانی دەروەی حیزب، لە وڵاتی سویس بە زمانی ئاڵمانی، پەیامێکی پێشکەش بە میوانە بیانییەکان و شاندی "ئا.وی.سی" کرد.

پاشان شاندێکی ڕێکخراوی "ئا.وی.سیـ"ـی سویسی وتەیەکیان لە پێوەندی لەگەڵ زەروورەتی هاوکاریکردنی مرۆیی بە ژن و منداڵانی کوردی نیشتەجێ لە کەمپەکانی باشوور پێشکەش کرد.

هەر لەو بڕگەیەدا، لەوحی ڕێزلێنانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ـ سویس لە لایەن "کامڕان ڕەسووڵی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەوە پێشکەش بە سێ کەس لە شاندی ئا.وی.سی  کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاخەکانی کوردستان لە ڕیگای پرۆژۆکتورەوە پێشکەشی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

لە برگەی کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان، وەک نەریتی هەموو ساڵان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ـ سویس لەوحی ڕێزلێنان لە لایەن بەرپرسی گشتی کۆمیتەوە پێشکەش بە چەند کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی بەشدار بوون کە بریتی بوون:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ پارتی یەکیەتیی دێموکرات پە.یە.دە

ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ـ پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور