کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بەڕێوەبرد.
ئەم ڕێوڕەسمە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی سەرماوەزدا بەڕێوەچوو، بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان "ڕەشید ڕەحمانی" بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات پەیامی کۆمیتەی پێشکەش کرد و وێڕای ڕێزگرتن لە پێگەی بەرزی پێشمەرگە، یادێکی لە شەهیدانی ١٧ی سەرماوەز کە بە شەهیدانی دەروازەی کۆیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناسراون و ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەم ئەندامانی حیزبی دیموکرات کردەوە.
ناوبراو باسی لە ڕاپەرینەکانی کوردستان و ئێران کرد و وتی:" حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازێت و پشتیوانی لە داوای ڕەوای گەلانی ئێران و بەتایبەتیش گەلی قارەمانی کورد، لە پێناو بە چۆکداهێنان و لەناوبردنی ئەو ڕێژێمە جینایەتکارەش دەکا و لە سەر درێژەپێدان بە خەبات و تێکۆشان و پتەوترکردنی خەباتی شار و شاخ پێداگرە و داوا لە هەموو هێزە خەباتکارەکانی چوارپارچەی کوردستان دەکات کە بۆ ڕزگاریی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوان و هاوخەباتمان بن".
دواتر پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان و پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان و هەروەها چەندین پەیامیش لە لایەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان(باکوور) و کۆمەڵەی جیڤاکی کوردەوە پێشکەش کرا.
پاشان "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا وێڕای باس لە پێشمەرگە، یادێکی لە کەمئەندامانی فیداکاری گەلی کوردیش کردەوە.
لە دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی دێرین، کەمئەندامان، دۆستانی حیزبی دێموکرات و "هەڤاڵ بۆستانی" کادری دێرینی پارتی سۆسیالیستی کوردستان کرا .