کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٦ی سەرماوەز لە وڵاتی سوئید بەرز ڕاگیرا

10:15 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە شاری کارلستاد لە وڵاتی سوئید، جێژنیکی بەشکۆ بۆ قارەمانیەتی و گیانفیدانیی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.

مەراسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، به سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

 پاشان "وەهاب تئوری"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری کارلستاد، پەیامی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خوێندەوە، کە ڕوو لە خەڵکی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بوو و داوا کرا کە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن. بەشێکی دیکەی پەیامەکە ڕوو لە لاوانی خوێنگەرمی کوردستان بوو کە پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ببن.

پاشان پەیامی کۆمیتەکانی یەکیەتیی کوردان، لاوان و ژنان لە کارلستاد، لە لایەن "حەمید سەرمەستیـ"ـیەوە خوێنرایەوە.

بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکە بریتی بوو: خوێندنەوەی شێعر و هۆنراوە لە لایەن "حەمە کاکەڕەش، محەممەد پاڵانی و کولسووم بەرزەکاوە".

دواتر هونەرمەندان "عەزیز سەفەری، شێرکۆ مەریوانی و حەمزە سەفەری"، بە گۆرانی و سروود ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.