کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش، جێژنی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، لە وڵاتی ئوتریش ڕێوڕەسمێک لە شاری "ڤییەن" بەڕێوە چوو.
لەو مەراسمەدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە چەند شاری ئوتریشەوە بەشدار بوون. ئەو مەراسمە به سروودی نەتەوەییی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی ڕاسان دەستی پێ کرد.
پاشان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ولاتی ئوتریشەوە، "جەزا ساڵحیـ"ـیەوە، پەیامی کۆمیتەی حیزب، بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان خوێندرایەوە.
لە پەیامی کۆمیتەدا، پاش بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە بەشدارانی مەراسمەکه و کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان، پێشمەرگە کەمئەندامەکان و هەموو خەڵکی کوردستان، بەگشتی ئەم خاڵانەی خوارەوە باسیان لێوە کرا: "تایبەتمەندییەکانی پێشمەرگەی ڕاستەقینە، ژیانی سەخت و دژواری پێشمەرگایەتی و هۆکارە سەرەکییەکان بۆ هەڵبژاردنی وەها ژیانێک، چۆنیەتیی دیاریکردنی ناوی پێشمەرگە بۆ هێزی چەکداری کوردستان، هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژێک بە ناوی پێشمەرگەوە، گەڕانەوەی شانازیی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی خەباتی چەکداری لە چوارچێوەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا".
پاشان لە لایەن کۆڕی مووسیقای چوارچراوە، کە لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەوە لە وڵاتی ئوتریش پێک هاتووە، چەند سروودێکی نیشتمانی و گۆرانی بە بەشداریی گۆرانیبێژی دەنگخۆش سامان عەباسی پێشکەش کرا.