کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە فەنلاند پیرۆز کرا

17:04 - 30 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی فەنلاند بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بەفرانبار، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب‌، رێکخراوە سیاسی‌ و مەدەنییە کوردییەکان لە فینلاند، ئەندامان‌ و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ‌و کوردانی دانیشتووی فینلاند، لە شاری "تورکۆ"ی فەنلاند بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب ‌‌و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن "کەریم حەبیبی"‌، بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی کۆمیتەدا، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی ئەو سەردەمە کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزرابوو، ئاوڕ لە دەستکەوت ‌و شانازییەکانی کۆماری کوردستان درابۆوە.

لەو پەیامەدا باس له دۆخی ئێستای ئێران، کوردستان ‌‌و ناوچەکە کرابوو.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتبوو، ئەگەرچی سیاسەتی دڕندانەی سەرکوتی خەڵکی ئێران ‌و کردەوە ئاژاوەگێڕ‌انەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەو جیهاندا، بوونەتە هۆی پەراوێزکەوتنی ئەو ڕێژیمە، بەڵام جێی خۆیەتی کە نەتەوەی کورد لە هەستیاریی ئەم دۆخە تێبگات، بیناسێ، بە شێوەیەکی درووست‌ هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و لە هەوڵی خۆڕێکخستن‌ و هەنگاوی کردەیی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان درێغی نەکا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەری حیزب‌ و ڕێکخراوە سیاسی‌ و مەدەنییە کوردییەکان لە فەنلاند، پەیامی خۆیان بەوبۆنەوە پێشکەش کرد کە بریتی‌ بوون لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ پارتی کرێکارانی کوردستان

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستان

ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ـ فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان

ـ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان

ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 ڕێوڕەسمەکە  بە چەندین گۆرانی شاد بە بەشداریی هونەرمەندان "کاوە ئورمیە"، "ڕێبوار مەعرووف" ‌و "ئاوارە" و گرووپێکی مۆسیقا، کۆتایی پێهات.