کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

00:46 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان،  لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٨ی کوردی، بە بۆنەی یادی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە هاوبەشیی هەردوو کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە ئاڵمان، جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە شاری شتووتگارت بەڕێوە چوو.

سەرەتای جێژنەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهید پێشەوا و هاوڕێیەکانی دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی هاوبەشی هەردوو کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و پارتی سۆسیالیست خوێندرایەوە.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە هۆکار و ئەو بەستێنانەی بوونە هۆی دامەزرانی کۆماری کوردستان و ڕۆڵی گرینگی دامەزرێنەرانی کۆمار، ئاماژە بە باگراوەند و کارتێکەرییەکانی کۆمار لە ٧٣ ساڵی ڕابردوودا بەسەر بزاڤی رزگاریخوازی کورد و بەتایبەت خەباتی گەلی کورد لە دژی کۆماری ئیسلامی کرا و لەو پێوندییەدا هاتبوو: "ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان هەموو کاتێک ڕێنیشاندەری بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان بووە و ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بزووتنەوەی کورد لە ئێران پاشخانێکی دەوڵەمەندی وەک کۆماری کوردستانی هەیە. بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووخواز و ڕچەشکێنی خاوەن ئەزموونی بەنرخ بۆ خەبات لە پێناو ڕووخانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و بەربەرەکانیی لەگەڵ ئەو ڕێژێمە سەرەڕۆیە پێویستە لەبەرچاو بگیردرێت و ڕۆڵی سەرەکیشی لە داهاتووی گۆرانکارییەکان لە کوردستان و ئێران دەبێت" .

لە بەشێکی تری پەیامی هاوبەشی هەردوو کۆمیتەدا ئاماژە بە ڕاسانی ڕۆژهەلات بۆ گرێدانی خەباتی شار و شاخ لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد کرا و ڕاسانی ڕۆژهەڵات وەک پڕۆژەیەکی فرەڕەهەند بە کەڵکوەرگرتن لە کۆی ئامرازەکانی خەبات و کردنەوەی ڕووپەڕێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان بۆ زووتر گەیشتن بە ئامانجی بەرزی شەهیدان و بەتایبەت شەهیدانی کۆماری کوردستانی پێداگری لەسەر کرایەوە.

شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی جێژنی ٢ی ڕێبەندان بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب تا درەنگانێکی شەو درێژەی کێشا.