کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئۆتریش بەڕێوە چوو

11:24 - 7 رێبەندان 2719

کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش، بەبۆنەی بەرز ڕاگرتنی ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، شەوئاهەنگێکی بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەرانی بەشێک لە ڕێکخراوە کوردستانییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بەڕێوە برد.

بڕگەی یەکەمی ئەم ڕێوڕەسمە کە ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لە ئۆتریش بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لەلایەن "حوسەین خالخاڵـ"ـەوە پێشکەش کرا.

پەیامی کۆمیتە سەرەڕای ئاماژە بە گرینگیی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و گرینگیی ئەم دامەزراوەیە لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا و دەستنیشانکردنی دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان، خوازیاری یەکگرتن و یەکڕیزیی نێوان ڕێکخراوە کوردستانییەکان وەک بەهێزترین ئامرازی دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوو.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریە لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی حیزب، بەشداری ئاهەنگەکە بوون و پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە پێشکەش کرد.

لە نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمەدا چەندین کۆپلە شێعر لەلایەن "سامان عەباسیـ"ـیەوە پیشکەش کران.

ڕێوڕەسمەکە بە مۆسیقای کوردی و شادی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.