کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی حیزب لە پاریس دیدارێکی پێکهێنا

16:58 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هەیئەتێکی حیزبی خەڵکی بەلووچستان چاوپێکەوتنی پێکهێنا.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٤ ڕەشەمەی ١٣٩٧ هەتاوی،  هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە پاریس پێشوازی لە هەیئەتێکی حیزبی خەڵکی بەلووچستان بە سەرپەرەستیی "ناسر بۆلەیدەیی" سکرتێری ئەم حیزبە کرد.

لەم دانیشتنەدا بارودۆخی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بارێکەوە بە گشتی باسیان لەسەر کرا و وەزعی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەلووچستان بە تایبەتی تاوتوێ کرا.

بوونی دوو لایەن وەک ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ و ئەندامی ڕێکەوتننامەی ١٠ لایەنی سیاسی، دەرەتانی بۆ هاوکاریی زیاتری بۆ هەر دوو لایەن ڕەخساندووە.

لەو دانیشتنەدا گرینگیدانی زیاتر و چالاکترکردنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ بە پێویستییەکی هەنووکەیی دانرا و لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی کۆبەندی "هاوپێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێراندا" کە لە لایەن ١٠ لایەنی سیاسییەوە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە لە ئاڵمان ڕاگەیەندرا و بە هەنگاوێکی بە سوود دانرا کە پێداگری لە سەر شێوەی دەست بەکارکردن و بەرینتر و چاکتر کردنی کرا.