کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور دووبارە تەئید کراوە

11:29 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: حوکمی لە سێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانیی ناوەندی شاری ورمێ لە لایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، دیوانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆی، پشتڕاست کردەوە.

حوکمی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، پاش پشتڕاست کردنەوەی لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای ڕێژیم، ڕۆژی ڕابردوو، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، "هیدایەت عەبدوڵاپوور" کوڕی ئەبووبەکر زیندانی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهیر فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام،  جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کران. 

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی قەرەسەقەلی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" مەحکووم کردووە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" و لە کاتی دووبارە دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی "سەعید ئەحمەدی و دادوەر قازیزادە" بە ئێعدام مەحکووم کرا.