کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: دامەزرانی کۆماری کوردستان شانازییەکی مێژووییه بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان

12:22 - 20 گەلاوێژ 2720

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندراوی ناوەندی سیاسی بە بۆنەی ٧٥ مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاو نیشتیمانیانی بەڕێز،

کۆمەڵانی خەباتگێر و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان،

ئۆگرانی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی،

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان،

 زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی،

کادر و  پێشمەرگە فیداکارەکان، ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،

حیزبی تێکۆشەر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ٢٥ ی گەلاوێژی ئەمساڵ ١٣٩٩ ی هەتاوی بەرانبەربە ٢٠٢٠ی زایینی ٧٥ ساڵەی تەمەنی پڕ سەروەری خۆی تێپەڕ دەکا و یوبیلی ئەڵماس لە بەرۆکی خۆی دەدا.

بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئازادی خوازان بەگشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی دەکەین و سەری ڕێز و نەوازش بەرانبەر بە گیانی پاکی هەموو ئەو شەهیدانە دادەنوێنین کە لە ماوەی ئەو ٧٥ ساڵەدا و لە ڕەوتی بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دا گیانیان فیدای بەختەوەری نەتەوەکەیان کەردووە، هەروەها سپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەموو ئەو کەس و کەسایەتیانە دەکەین کە لە هەر بڕگەیەکی خەباتی ئەو ٧٥ ساڵەدا جا بۆ هەر ماوەیەک بوو بێ بەشدار و شوێن دانەر بوون.

ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردووی حیزب و سەرنج دانێک لە مێژووی خەبات و خۆڕاگری حیزبی دێموکرات لەو ٧٥ ساڵە دا دەری دەخەن کە لەم ماوەیە دا چ ڕێگایەکی سەخت و پڕ هەوراز و نشێوی بڕیوە، چ سەروەریەکی تۆمار کردووە، چ سەرکەوتن و دەسکەوتێکی بەدی هێناوە، چ ها هەڵوێستی بوێرانە و درووست و واقع بینانە بووە، چەندها زامی بەژانی هەڵگرتووە و بە چۆک دا نەهاتووە، هەموو ئەوانە ئەمڕۆ پاش ٧٥ ساڵ ناسێنەری قامەتی بە هەیبەتی حیزبی دێموکرات و دێموکراتەکانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک پێوەستێکی مێژوویی و لە هەمان کاتدا گوونجا و لەگەڵ سەردەم لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی و لەسەر بنچینەی ڕێکخراوەیی کۆمەڵەی ژێکاف وەک ڕێکخراوێکی پەرەپێدەری بیروهەستی نەتەوایەتی و بەدەستی قازی محەممەد دامەزرا.

دامەزرانی حیزبی دێموکرات تەنیا لە دایک بوونی ئاسایی حیزبێک نەبوو بەڵکوو سەرەتای هاتنە ئارای حیزبێکی مودێڕن، باوەڕمەند بە دێموکراسی بە بەرنامەیەکی ڕوونی سیاسی بوو کە لە ٨ بەند دا فۆرمولە کرابوو نێوەرۆکی دێموکراتیکی حیزبی نیشان دەدا و چەند ئەسڵی لە ئەولەوییەتی تێکۆشانی خۆی دا دانا بوو کە دەربڕی پێویستی یەکگرتوویی و هاوخەباتی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران و نەتەوەکانی ئێران بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستان ١٦٠ ڕۆژ پاش دامەزرانی بە لێکدانەوەی درووست و بە هەڵسەنگاندنی کەش و هەوای سیاسی لەئێران و  کوردستان پاش شەڕی دووهەمی جیهانی توانی دەسە ڵاتێکی سیاسی و کیانێکی مودێرنی کوردی لە شێوەی کۆماری لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی دا بە سەرۆکایەتیی پێشەوای نەمر قازی محەممەد دابمەزرێنێ و لە کۆبوونەویەکی بەرین لە شاری مەهاباددا هەم کۆمار و هەم بەرنامەی کار و تێکۆشانی کۆماری کوردستان ڕابگەیێنێ.  بەم جۆرە کۆماری کوردستان وەک بەرهەمی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی کوردستانی ئێران خۆی دەرخست. دامەزرانی کۆماری کوردستان شانازییەکی مێژوویی بوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەشێکی بەرچاو لە ماف و ئازادییەکان و مافی نەتەوایەتی کوردی لە زۆربارەوە دەستەبەر کرد. تەنانەت کورد لە پارچەکانی دیکەش وەک دەسکەوتێکی جێگای ئومێد سەیریان دەکرد و ژمارەیەکیان لەبەڕێوەبردنی کار و ئەرکەکانی دا بەشدار بوون.

 لە تایبەتمەندییە بەر چاوەکانی حیزبی دێموکرات بەردەوامی و درێژەدان بە خەبات لە هەر هەلوومەرجێک دایە، دەبینین پاش جوانەمەرگ بوونی کۆمار و لە سێدارەدرانی پێشەوا و ژومارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی حیزب و کۆمار و بەندکرانی باقی ڕێبەرانی حیزب و کاربەدەستانی کۆمار و ئاوارە بوونی زۆرێک لە تێکۆشەرانی،  حیزب لە تێکۆشان و چالاکی نواندن نەوەستا. بوونی سەدان تێکۆشەری ئەو حیزبە لە زیندانەکانی ڕێژیمی شادا و شڵەژاندنی بەقەولی ڕێژیمی پاشایەتی دوورگەی ئارامی ئێران بە هۆی وەڕێخستنی بەربەرەکانی چەکدارانە لەلایەن حیزبەوە لە ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧دا بەڵگە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

تایبەتمەندییەکی بەرچاوی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان نوێبوونەوە و  بەرەوپێشچوون و گوونجان لەگەڵ پێشکەوتنە فکری و سیاسیەکانە، بە گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ عێراق لە ساڵی ١٣٤٩ و لە کۆنگرەی سێهەمی حیزب لە ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی دا ڕەوتێکی لەبار و  بە بەرنامە بۆ کاری ڕێکخستنەکانی حیزب هاتە ئاراوە، ڕێبەرایەتی جەمعی جێگیرتر سەربەخۆیی سیاسی دەستەبەرتر بوو و حیزب لە ڕواڵەت و لە نێوەڕۆک دا ئاڵووگۆڕی قووڵی بەسەرخۆیدا هێنا و سیمایەکی دێموکراتیک تر و مودێرن تری بە  خۆیەوە گرت، لەڕاستیدا ئەگەر پێشەوای نەمر قازی محەممەد دامەزرێنەری حیزب بوو دوکتور قاسملوو ڕێکخەرەوە و بووژێنەرەوەی حیزب بوو و دوکتور سادق شەڕەفکەندیش پارێزەر و درێژەپێدەری ئەم ڕێبازە گرینگە بوو.

ورد و واقیعبینی سیاسی و لێکدانەوەی  درووست و نەچوونە ژێر تەوژمی کەش و هەوای زاڵ بەڵام ناڕاست بەسەر ژینگەی سیاسی ئێراندا تایبەتمەندییەکی دیکەی حیزبی دێموکرات بووە. کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکرد و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی لە کوردستان دەوری کاریگەری تێدا گێڕا پاش سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە، خومەینی ویستی لە ڕێفراندۆمێک دا نیزامی داهاتووی ئێران دیاری بکا، ڕایگەیاند کە خەڵک پێویستە لە نێوان ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی "نەیەک وشە زیاد و نە یەک وشە کەم" دا یەکیان پەسند بکەن. ئەوکات بەداخەوە زۆربەی  خەڵک و هێزەکانی ئێرانی بە بەشێکی بەرچاو لە چەپ و  ئیسلامییەکان و تەنانەت کەسایەتییە سێکۆلارەکانەوە بێ ئەوەی لێکیاندابێتەوە یا لە نێوەڕۆکی کۆماری ئیسلامییەکەی خومەینی ئاگاداربن لەهەمان کاتدا ڕێژیمی پاشایەتیشیان ڕەت کردبۆوە دەنگیان بە سیستمی جێگای پەسندی خومەینی دا، بەڵام حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بەدوو هۆ لەو ڕێفراندۆمەدا بەشداریان نەکرد.

یەکەم:  ئەوە کە ڕێفراندۆمەکەیان پێ دێموکراتیک نەبوو چوونکە بە کەڵکی خەراپ وەرگرتن لە ناڕەزایەتی خەڵک بەرانبەر بە ڕێژیمی پاشایەتی و نەگەڕانەوە بۆ ئەو سیستمە بەناچار دەنگیان بە کۆماری ئیسلامیدا.

دووهەم: حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بەدوور لە کەش و هەوای زاڵ و ناڕاست  تەنیا بە لێکدانەوەی خۆیان دڵنیابوون کە لە ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی ئایینی و مەزهەبی دا نە دێموکراسی جێگای دەبێتەوە نە مافی نەتەوایەتی گەلانی ئێران  دەستەبەر دەبێ، بەڵکوو هەڵاواردن و جیاوازیدانان و پەراوێزخستن دەبێتە سیاسەت و کردەوەی ئەو ڕێژیمە،  ئەو هەڵوێستەی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات لەلایان هێندێ لایەنی ئێرانییەوە کەوتە بەر ڕەخنە و تۆمەت وەپاڵدان. بەڵام ئێستا هەر ئەوهێز و لایەنانە و تەنانەت زۆربەی خەڵکی ئێران دان بە بۆچوونی درووست و هەڵوێستی واقیع بینانەی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات دادەنێن و ئەو شانازییە بۆ حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد مایەوە کە لە سەرەتاوە دەنگیان بە هاتنەسەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەدا. هەروەها لەکاتی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لەتاران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێچەوانەی کەش و هەوای زاڵی ئەو کات ئەو کردەوەیە مەحکوم کرد و بەڕەفتارێکی دژ بە نەریتە نێونەتەوەیەکانی زانی.

ڕێچکەشکێنێکی دیکەی حیزبی دێموکرات بەپێچەوانەی کەش و هەوای زاڵ بەسەر حیزب و لایەنە چەپەکان لەپێوەندی لەگەڵ سۆسیالیزم و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا دا ئەوە بوو کە دوکتور قاسملوو ئامانجی دواڕۆژی حیزبی لە سۆسیالیزمەوە دەگۆڕێ بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک کە هەم دەرخەری جیاوازی بۆچوونی حیزب لەوبارەوە لەگەڵ هێزە چەپەکانی دیکە بێ، هەم لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کەناکرێ حیزبێک بۆ دێموکراسی خەبات بکا بەڵام ئامانجی دواڕۆژی جۆرێک لە دیکتاتۆڕی بێ، ئەو بڕیارەی حیزب و ئەو بۆچوونەی دوکتور قاسملوو کە خەراپترین دێموکراسی پێ لە باشترین دیکتاتۆری باشترە بەتووندی کەوتنە بەر هێرشی بەشێک لە چەپەکان بەڵام ئێستا بەشێکی بەرچاو هەر لەو هێزانە ئەم ڕێگەیان گرتۆتەبەر.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێران:

ڕێژیمی دیکتاتۆر و خاوەن ئیدئۆلۆژی دواکەوتوانە و دژی مرۆڤیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر زوو بەرانبەر بە هەڵوێستی واقیع بینانەی حیزبی دێموکرات دژکردەوەی نیشان دا و ڕێژیم لەگەڵ ئەوەی دەیزانی حیزبی دێموکرات خاوەنی چ پێگەیەکی بە هێزە و کاندیداکانی لە تەنیا هەڵبژاردنی ئازادی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش دا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان زۆرینەی دەنگەکانیان بۆ مەجلیسی شۆرا مسۆگەر کردووە و دوکتور قاسملوو لە پارێزگای ورمێ وەک نوێنەر بۆ مەجلیسی خوبرەگان هەڵبژێردراوە بەم حاڵەش حیزبی دێموکراتی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و بەر بەچوونی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی نەتەوەی کورد بۆ مەجلیسی شۆرا و خوبرەگان گیرا.

بەوەشەوە ڕانەوەستا و لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا فتوای جەهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و لێرەوە شەڕێکی نابەرانبەر و زاڵمانە و بێ ڕەحمانە بەسەر حیزب و خەڵکی کوردستان دا سەپاند و لەهەموو لایەک و بە هەموو هێز و ئیمکاناتی شەڕەوە هێرش کرایە سەر کورد و کوردستان.

هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرانبەر بەم بڕیارە دوژمنکارانەیەی ڕێژیم چی بوو؟

حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی کورد و خەڵکی کوردستان تەنیا دوو ڕێگایان لەبەر بوو، یا بەرانبەر بە زۆرداری و ماف پێشێلکاری رێژیم ملکەچ بکەن کە ئەوە لەگەڵ تایبەتمەندیی حیزب و نەتەوەی کورد یەکی نەدەگرتەوە یا پێویست بوو لە بەرانبەر هەر هێرش و پەلامار و پیلانێک دا خۆڕاگر بن و خەبات لە هەموو شێوەکانی دا درێژە پێبدەن کە ئەوە هەڵبژاردەی شایانی کورد و دێموکرات بوو. ئەم سیاسەتەی ڕێژیم شەڕی بەناوبانگی سنە، پاوە و نەغەدە و قەڵاچۆی دەیان گوند و خەڵکی زۆری بێدیفاعی لێکەوتەوە بەڵام بەهۆی خۆڕاگری  هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان پاش ٣ مانگ، خومەینی ناچار بوو شەڕ ڕابگرێ و بڕیاری وتووێژ بدا کە ئەویش بۆخۆ تەیارکردنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی بوو.

ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی ٧٥ ساڵەی حیزب و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بێ فرمێسک و خوێن و بێ تێچوو تێنەپەڕیوە، هەزاران تێکۆشەری دێموکرات گیانیان فیدای درێژەی خەبات و گەیشتن بە ئامانجەکانی کورد کردووە کە لەنێویاندا  ڕێبەرانمان پێشەوای نەمر قازی محەممەد ، دوکتۆر قاسملوو ، دوکتۆر شەرەفکەندی و دەیان ئەندامی ڕێبەرایەتی و فەرماندە و هەزاران کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بە وەجی حیزب دەبیندرێن، هەر وەها  هەزاران  کەس لە خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان بەدەست هێزە سەرکوتکەرانی ڕێژیم شەهید یا کەم ئەندام کران یا لە  بەندیخانەدا ئازار و ئەشکەنجەیان  کەوتەبەر،  بەدەیان جار بنکە و بارەگاکانی حیزب تۆپباران، خۆمپارەباران، بۆمباران و موشەکباران کران،  بەڵام جێگای شانازییە کە هەموو ئەو زامە بە ژانانە  نەک بە چۆکیان دانەهێناوە بگرە لە برینی ڕێگای خەبات تا گەیشتن بە ماف و ئازادیە کانیان سوورتر و پێداگرتری کردوون. دیارە بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان تەنیا لە بەرگری چەکداریدا بەرتەسک نەبۆتەوە خەباتی شار و حەڕەکەت و خۆپێشاندانەکانی خەڵک لەم ماوەیەدا بەتایبەت خرۆشانی شارەکانی لە ساڵڕۆژەکانی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و کۆمەڵێک بۆنەی دیکەدا لایەنێکی گرینگی دیکەی ئەو خەباتە بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی کە بە کورتی ئاماژەیان پێکران هیچ کات ئیدیعای نەکردووە کە  بێ هەڵە بووە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە هیچ هەڵەیەکی وای نەکردووە کە خۆی نەتوانێ قەرەبووی بکاتەوە .

ئێستاش پاش ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێی دەناسرێتەوە سیاسەتی دروست و واقیع بینانە، فیداکاری تێکۆشەرانی دێموکرات لەبەرزترین ئاستی خۆیدا و پشتیوانی هەمیشەیی خەڵکی کوردستان لە حیزبی خۆشەویستی خۆیان حیزبی دێموکراتە.  تاقیکاری ٧٥ ساڵ خەباتی بێ پسانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان دەڵێ تا ئەو کاتەی کە سیاسەت و هەڵوێست و بەرنامە سیاسیەکانمان هەڵقوڵاوی ویست و داخوازی نەتەوەکەمانن هەروا بە پشتیوانی هەمیشەیی و بێ دەریغی خەڵکی کوردستان پشت ئەستوور دەبین و وەبیرمان دێنێتەوە کە لە هەر بڕگەیەکی ڕەوتی ئەو خەباتەمان دا یەکگرتووبووین، لەلای دۆستان بەرز و بەڕێز و لە بەرانبەر دوژمن دا بە هێزتر بووین، بۆیە پێویستە وێڕای پاراستنی هەموو ئەسڵە دێموکراتیکەکانی حیزب ئەو مەسەلە گرینگ و پڕ بایەخانەش هەروا ڕەچاو بکرێن.

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، تێکۆشەرانی فیداکاری دێموکرات؛

دوای ٧٥ ساڵ تەمەنی حیزبەکەمان خەباتی ئێستامان دژ بە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر بەردەوامە، ڕێژیمێک کە بە ئیدئۆلۆژێکی دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانەیەوە دژ بە هەموو داخوازە دێموکراتی و نەتەوایەتییەکانمان دەوەستێ، نەباوەڕی بە دێموکراسی هەیە نە بە مافی نەتەوەکان لە ئێراندا هەیە، نە مافی مرۆڤ بە هێند دەگرێ بەڵکوو بە دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی دادەنێ،  دژ بە مافی یەکسانی ژن و پیاو لە خێزان و لە کۆمەڵ دایە و لەگەڵ ڕووحی سەردەم ناتەبایە، هەموو داخوازێکی ئازادیخوازانە  و ئینسانی بە زۆر و سەرکووت وەڵام دەداتەوە، بەڵام ئەم ڕێژیمە هار و بێ هەوسارە لە ئاکامی کردەوە نادروست و نا بەجێیەکانی و دەخاڵەت لە کاروباری وڵاتاندا هەلوومەرجێکی دژواری بۆ خۆی پێکهێناوە و لەو سۆنگەشەوە خەڵکی ئێرانی لەگەڵ ژیانێکی نائەمن و گوزەرانێکی دژوار بەرەوڕوکردووە، لەڕادەی جیهانیدا کەوتۆتە دژایەتی کۆمەڵیک وڵات کە هیچ دژاییەتییەکیان لەگەڵ گەلانی ئێران نییە، ئەو ڕێژیمە تیرۆریزمی وەک بەشێکی جیانەکراو لە سیاسەتەکانی درێژەداوە و وەک ماکەی تیرۆریزم ناسراوە کە بڕیاری مێژوویی دەزگای قەزایی ئاڵمان دوای تیرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی بەڵگەی بەرچاوی تیرۆریزم و ڕیسوایی ئەو ڕێژیمەیە، بۆ پەرەپێدانی باوەڕە دواکەوتوەکانی پەلوپۆی هاویشتۆتە چەند وڵاتی ناوچە و سامانی خەڵکی ئێران بۆ دابینکردنی هەزینەی دەستە و گرووپە تووندڕەوە تیرۆریستەکان لەو وڵاتانە تەرخان دەکات. وەزعی ئابووری ڕێژیم لە سنووری داتەپیین دایە و ژیان بۆ خەڵک لەوپەڕی تاڵی و بێدەرەتانی دایە کە  ئەوە خۆی ناڕەزایەتی و دژایەتی زیاتری خەڵکی بەرانبەر بە ڕێژیمی لێکەوتۆتەوە و ڕۆژبەڕۆژیش لە پەرەسەندن دایە، لە ڕاستیدا ڕێژیم  ڕەوایی خۆی لەدەست داوە تەنیا پشتی بە هێز و کەرەسەی سەرکووت بەستووە کە ئەوەش بۆ هەمیشە بڕناکا، بەپێچەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پاراستنی تایبەتمەندییە دێموکراتیک و تواناکانی بۆ خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێندانەرێکی بەرچاوی هەیە و لەڕادەی ناوچەیی و جیهانیدا وەک حیزبێکی بەپرنسیپ و کاریگەر لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان ناسراوە.

سەرجەم ئەم وەزعە کە ڕێژیمی تێکەوتووە دەرەتانی خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارتر دەکا، بۆیە بە ئامادەیی زیاتر و قورس و قایمترەوە درێژە بە خەباتی ڕەوامان دەدەین.  ڕاسانی ڕۆژهەڵات یانی خەباتی شار و شاخ کە دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە وەک بڕیارێکی گرینگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرینتر و لێکگرێدراوتر دەکەین، ئەوەندەی ڕێژیم بۆ دووژمن داتاشین هەوڵدەدا ئێمە چەند ئەوەندە بۆ پەیدا کردن و پاراستنی پێوەندی لەگەڵ دۆستەکانمان تێدەکۆشین. بەدڵنیاییەوە هاوخەباتیمان، یەکگرتوویی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بەگشتی و تێکۆشەرانی دێموکرات بەتایبەتی و لێبڕاوی لە خەباتمان زامنی گەیشتن بە ئامانجەکانمانە، بڕیاری کۆنگرەی ١٦ بۆ هەنگاونانی جییدی بەرەو یەکگرتنەوە و بەهێزکردنی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، پێکهاتنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەو چوارچێوەدا سەیر دەکرێن.

جارێکی دیکە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب لە هەموو خەڵکی کوردستان و ئەویندارانی دێموکرات پیرۆزبێ . سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوای نەمر قازی محەممەد دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات.

سلاو لە حیزبی دێموکرات دامەزرێنەری کۆماری کوردستان درێژەدەری ڕێبازی ڕێبەران و شەهیدان

سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان

 ئەمەگناسیمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین

ڕێز و پێزانینمان پێشکێش بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، درێژەدەرانی ڕێبازی پێشەوای نەمر قازی محەممەد، دوکتۆر قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی 

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرکەوتن بۆ خەباتی حیزب و نەتەوەکەمان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

ئاگۆستی ٢٠٢٠ی زایینی