کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات سەردانی حیزبی شیوعیی کوردستانی کرد

19:16 - 19 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: حەسەن شەرەفی لە دیدار لەگەڵ حیزبی شیوعیی کوردستاندا، باسی لەوە کرد کە پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پێشخستنی جووڵانەوەی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، پشتیوان و هاوکاری یەکتربن، تاکوو بتوانین مافە نەتەوەییەکانمان لەو هەڵومەرجە‌دا، دەستەبەر بکەین .

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لە شاری هەولێر، سەردانی حیزبی شیوعیی کوردستانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە سەرپەرەستی د.کاوە محمود، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی پێشوازی کران.

لەو دیدارەدا حەسەن شەرەفی وێڕای تیشک خستنەسەر هەڵوێستی نوێی حیزبی دێموکرات بۆ گەشەسەندنی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و شانبەشانی خەڵک، داکۆکی‌کردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانمان بەرانبەر بە ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران، پێداگری لەوە کرد کە لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا، بەدەر لە جەمسەربەندییە ناوچەییەکان، پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پێشخستنی جووڵانەوەی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان، پشتیوان و هاوکاری یەکتر بن، تاک،و بتوانین مافە نەتەوەییەکانمان لەو هەڵومەرجەدا دەستەبەر بکەین.

پاشان دوکتور کاوە مەحموود، وێڕای بەرز نرخاندنی سیاسەتە واقیعییەکانی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان، ڕەچاوکردنی پرەنسیپی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پێوەندی نێوان لایەنەکاندا، کە وەک بنەمای سەرەکی بۆ هاوکاریی نێوان لایەنەکان کاریگەری هەیە، بە زەرووری زانی و پێداگری لە سیاسەتێکی یەکگرتووانەی نەتەوەیی و نیشتمانی وەک خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکانی کورد لەو قۆناغەدا کرد، تاکوو لەو ڕێگایەوە نەکەونە ژێر کاریگەریی نێوان جەمسەربەندیی داگیرکەرانی کوردستان و دژایەتی یەکتر نەکەن .

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن پێداگرییان لە سەر بەردەوامیی پێوەندی و هاوکاریی دوو لایەنانەیان کرد .

border=0
حیزبی دێموکرات سەردانی حیزبی شیوعیی کوردستانی کرد

border=0
حیزبی دێموکرات سەردانی حیزبی شیوعیی کوردستانی کرد