کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"ی پشتڕاست کردەوە

13:06 - 4 پووشپەڕ 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هاوڕێ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ئەندامی خەباتکاری حیزبی دێموکرات، لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرباران کراوه .

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خوێنی شه‌هیدان، ڕێنوێنی ڕێگایه‌

هاونیشتمانیانی بەڕێز!
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران!

بە داخەوە ڕادەگەیەنین، هاوڕێ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" کوڕی "ئەبوبەکر" خەڵکی شنۆ لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تیرباران کراوه .

هاوڕێ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" لەدایکبووی ١٣٦٩ی هەتاوی و ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبەکەمان لە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوای ٤٩ ڕۆژ لە شەڕی بەناوبانگی قەرەسەقەل دەسبه‌سه‌ر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی ئیعترافی زۆرەملێ و ئەشکەنجە ڕاگیرا .

دواتر بە تۆمەتی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نیزام و ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا. لەگەڵ ئەوەی ئەو حوکمە لەلایەن شوعبەی ٤٧ تانەی لێ درا و بەڕێ کرا بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ محاکمە و بۆ جاری دووەم بە داوا و گوشاری "حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ورمێ" حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پایه‌وه‌ .

پێویست بە ئاماژەیە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەر لە ئێعدامی بۆ ماوەی ٥ مانگ تەنانەت ئیجازەی چاوپێکەوتنی هاوسەر و منداڵەکانی نەدراوە و ڕۆژی ٢٠ی بانه‌مه‌ڕ له‌ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و بێسه‌روشوێن كرابوو. هه‌رچه‌ند دواتر به‌ زاره‌كی به‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆڕاگری شه‌هید هیدایه‌تیان ڕاگه‌یاندبوو كه‌ له‌ به‌رچاوی بنه‌ماڵه‌ی كوژراوانی شه‌ڕی قه‌ره‌سه‌قەل، هیدایه‌تیان ئێعدام كردووه‌؛ به‌ڵام دوای به‌دواداچوونێكی زۆر، ده‌ركه‌وت كه‌ ڕۆژی ٢٢ی بانه‌مه‌ڕ به‌داخه‌وه‌ "هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور"یان تیرباران كردووه‌ و ئیداره‌ی سه‌بتی ڕێژیم، به‌ڵگه‌ی كۆچی دواییان بۆ ده‌ركردووه‌.

 لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ وەبەرچاوگرتنی هیچ پره‌نسیپێكی مرۆیی، لە سەرکوت و کوشتاری ڕۆڵەکانی کورد بەردەوام بووە و بە بەرچاوی بیروڕای گشتییەوە تاوانەکانی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ !بۆیە لە بیر و ڕای گشتی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و... هتد داواکارین پێش بە سەرکوت و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ بگرن و چی دیکە ئیزن نەدەن مافی تاک و کۆی خەڵکی كوردستان پێشێل بکات.

بەو بۆنەوە هاوخەمیی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ بنەماڵەی خۆڕاگری عەبدوڵڵاپوور و به‌تایبه‌ت باوكی خه‌مخۆری ڕادەگەیەنین و دڵنیایان دەکەینەوە خوێنی شەهید هیدایەت و باقی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت؛ باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌دانی ڕێگایانه‌.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی