کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: پێشوازی لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا دەکەین

11:52 - 18 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو توێی ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی خۆی بۆ هەوڵی نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو ڕاگەیاند.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشوازی لە راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە تیرۆری د.قاسملوو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەکا

کاتێک لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩،  دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئورووپا، لە سەر داوای رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتیخوازانە بۆ دابینکردنی ویست و داخوازە دێموکراتیکەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران، لە شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش لەگەڵ هەیئەتی دیپلۆمات تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژدا بوون، کەوتنە بەر دەسڕێژی گوللەی ئەو هەیئەتە و بەدەستی ئەوان و بە ئەمری سەرانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کران و گیانیان لەدەست دا. هەر ئەوکات دەوڵەتی ئۆتریش بە بێ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە تیرۆریستییە، هەیئەتەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ئیسکۆرت بەرە فرۆکەخانە و لەوێوە بەرەو تاران بەڕێ کردنەوە.

دوای تێپەڕبوونی ٢٩ ساڵ بەسەر ئەو رووداوە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زمانی برایان هۆک، بەڕێوەبەری پلاندانانی ئەو وەزارەتەوە بە شێوەی رەسمی رایگەیاند:

"ئەم مانگی ژووئیەیە، ٢٩ ساڵ بەسەر رووداوێکدا تێدەپەڕێ کە مەئموورە ئێرانیەکان، لە ڤییەن لەژێر پۆششی دیپلۆماتیکدا رێبەری رێکخراوێکی کوردی جودابیر و دوو کەسی دیکەیان لەگەڵی تیرۆر کرد."

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی جیهانیی ئینتێرنێت، بەڵگەیەکی بڵاو کردۆتەوە کە شوێنی کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان نیشان دەدات و لەو بەڵگەیەدا رووداوی تیرۆریستیی ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی ئاماژە پێداوە کە دوکتور قاسملوو لەگەڵ دوو کەسی دیکە، لە ڤییەن بە دەستی مەئمورە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی بەڕێوە چوونی ئەو کردەوە تیرۆریستیە، بەپێی ناسیاریەکی دروست کە لەسەر رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیبوو و هەروەها کردەوە تیرۆریستەکانی دیکەی رێژیمی تاران، کە لە وڵاتانی ئورووپایی ئەنجامی دابوون، ئاماژەی بە رێژیمی تاران وەک بڕیاردەر و بکەری تیرۆری ڤییەن کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە تاوانباران گەیەندرابوونە تاران، هاواری ئەم حیزبە دەنگدانەوە و بەهاناهاتنەوەیەکی نەبوو، بەڵام ئێستا کە ئەو راستییە بۆ دەوڵەتی ئەمریکا روون بۆتەوە و لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی خۆی، کۆماری ئیسلامی وەک بەڕێوەبەری ئەو تیرۆرە رادەگەیەنێ، ئێمە پێشوازی لەو هەڵوێستەی دەوڵەتی ئامریکا دەکەین و پشتیوانیی لێ دەکەین.

هەروەها لەم کاتەدا پێویستە رابگەیەنین کە ئەوا بۆ جارێکی دیکە، وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خەریکی وتووێژن، پێویستە کە وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی و بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیانیش بووبێ، هەموو تاوانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت تیرۆری ڤییەن لە پەروەندەی دانوستانەکانیان بخەنە بەرباس، چوونکە رێژیمی تاران قەت دەستی لە تیرۆر و کردەوەی تیرۆریستی هەڵنەگرتووە و بێدەنگی لە کردەوەکانی تەنیا هانی دەدا بۆ درێژەدان بەو کارە. هەروەک لەم رۆژانەدا بینیمان کە هەوڵی تیرۆریستیی دیکەی لە ئورووپا داوە و چەند تیرۆریستی سەر بەو رێژیمە لە بێلژیک گیراون و بەناو دیپلۆماتێکی دیکەی لە ئاڵمان دەسبەسەر کراوە و دیپلۆماتەکانی دیکەی لە هۆلەند دەرکراون.

ئەمانە دەیسەلمێنن کە سەرەکیترین رێگای بنبڕکردنی تیرۆریزم لە جیهاندا و وشککردنی ریشەی تیرۆر، تەنیا بە نەمانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکرێ. هەموو هەوڵەکان بۆ گۆڕینی رەفتار و سیاسەتی ئەو رێژیمە تەنیا زەحمەتێکی بێئاکامە و تەنیا رەنج و هەزینەکانی خەڵکی ئێران و ئازادیخوازان و نەتەوەکانی ئێران زیاتر دەکا. هەر وەک لە چل ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵێک بۆ گۆڕینی سیاسەت و رەفتاری کۆماری ئیسلامی بێئاکام بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێری

١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٧

٩ی ژووئیەی ٢٠١٨