کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: یەکڕیزیی نێوماڵی کورد پێویستە و دەبێ وەسیەتی پێشەوا بەکردەوەیی بکەین

12:09 - 7 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، بەرپرسی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی سکاندیناوی وێبنیارێکی تایبەت بۆ ''حەسەن شەرەفی'' بەرپرسی ناوەندی سیاسی و جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان داوا لە ''سلێمان کەڵەشی'' بەرپرسی حیزبی دێموکرات لە هەڕیمی سکاندیناوی کرا کە بەو بۆنەوە پەیامێک پێشکەش بکات.

"کەڵەشی'' وێڕای بەخێرهاتنکردنی ''حەسەن شەرەفی'' و بەشداربووانی ئەو وێبینارە، سڵاوی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی نارد و باسی لەوە کرد کە ساڵانی پێشوو یادی کۆماری کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم وێڕای خوێندنەوەی پەیام، وتاری سیاسی و بەشداریی بەرینی خەڵکی تاراوگە بە شایی و هەڵپەڕکێ ئەو یادە پیرۆز دەکرا. ناوبراو هیوای خواست کە مرۆڤایەتی لە دەست بەڵای کۆرۆنا نەجاتی بێ و ژیان بۆ خەڵکی دونیا ئاسایی بێتەوە.

لە درێژەی ئەو وێبینارەدا داوا لە ''حەسەن شەرەفی'' بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات و جێگیری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی کرا کە باسەکەی پێشکەش بکات.

"شەرەفی'' لە دەستپێکی قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییە، باسی لە ڕۆڵ و نەخشی پێشەوا ''قازی محەممەد'' لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان  کرد و کەسایەتی و زانایی پێشەوای بە کەموێنە لە سەردەمی خۆیدا وەسف کرد.

''شەرەفی'' لە قسەکانیدا ئاوڕێکی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان  و دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان وەک بە فەرمیکردنی زمانی کوردی، ئالا، سروودی نیشتمانی ''ئەی ڕەقیب'' و ناوی پێشمەرگە دایەوە کە پاش ٧٥ ساڵ، ئێستا ئیتر وەک موڵکی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دێنە ئەژمار وخەڵکی کورد شانازی پێوە دەکەن.

ناوبراو لە درێژەدا باسی ئازادی ڕادەربرێنی لە سەردەمی کۆماردا کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک لەسەر دەربڕینی ڕای جیاواز لێپرسینەوەی لە گەڵ نەکراوە، ئازادی بەیان و ئازادی ڕادەربڕینی جێاواز لە دەورانی کۆماردا  نەهادینە کرابوو و هەموو کەس ڕای خوی بە ئازادی دەردەبڕی.

هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ''شەرەفی'' ئاماژەی بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆمار دا کە ژنان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەرکدار بکات و بەو بۆنەوە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و یەکیەتیی لاوانی دێموکرات دامەزران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو دوو تەیفەی کۆمەڵگا زیاتر لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەرکدار دەکران، لاوان بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێ کران هەتا بتوانن لە بەڕێوەبردنی وڵات خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگای کوردستان بکەن.

''حەسەن شەرەفی'' لە درێژەی باسەکەیدا پێویستیی یەکرێزیی نیو ماڵی کورد بە گشتی بە زەرور زانی و وتی ئیستا کاتی ئەوە هاتووە کە هەموومان بە  وەسیەتی پێشەوا بە کردەوە عەمەل پێ بکەین لەو پڕش و بڵاوییە نەجاتمان ببی.

وێبینارەکە بە پرسیاری بەشداران و وەڵامدانەوەیان لەلایەن ''حەسەن شەرەفیـ''ـیەوە کۆتایی پێهات.