کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان و چالاکانی سیاسی لە سێدارەدانی زیندانییانی کوردیان مەحکووم کرد

12:43 - 9 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان و کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوانی، خوازیاری وەڵامدانەوە بە شەپۆلی ئیعدامی هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ لە ئێران دان.


٧٩ چالاکی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوانیی کورد لە نامەیەکدا داوایان لە حیزبەکانی کوردستانی ئێران کردووە کە بە مەبەستی مەحکووم کردنی ئیعدامی ٢ زیندانی سیاسیی، پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان بکەن.
بەشێک لە دەقی بەیاننامەی خوێندکارانی پەیام نووری مەریوان بەم چەشنەیە:
کۆمەڵگای خۆڕاگری کوردستان!
هەر وەک ئاگادارن، لە رۆژەکانی شەممە و یەکشەممە، رێکەوتی ٤ و٥ی خەزەڵوەر، دیسانەوە دوو رۆڵەی کورد (حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور و رەزا ئیسماعیلی ناسراو بە ئیلهام مامەدی) بە دەستی تێرۆریستپەروەران لەدار دران و شەهید کران و هەر لەو رۆژەدا ١٦ لاوی بەلووچیش بوونە قوربانیی کردەوە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی. ماوەیەک لەمەو پێش چەند کەس لە زیندانیکراوانی ساڵی 1388ی هەتاوی، لە تاران ئازاد کران، بەڵام زیندانییانی سیاسیی کورد کە تەنیا بەهۆی داواکردنی مافە رەواکانی نەتەوەکەمان دیل کراون، بەرەوڕووی گوشارێکی توند ئەبنەوە. هەر وەک ماوەیەک لەمەوپێش بێ رێزییەکی زۆر کرا بە خوشک و برا یارسانییەکانمان و گوشارێکی زۆر خراوەتە سەریان. دیارە رێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی دیسانەوە بە لەسێدارەدانی ئەو چەند رۆڵە کوردە وەکوو رابردوو ویستی بە خەڵکی کوردستانی بسەلمێنێت کە هەر دەسەڵاتدارە نامرۆڤانەکەی جارانە و بە هاتنەسەرکاری کەسێکی وەکوو حەسەن رووحانی، هیچ لە سیاسەتەکانی ئەو رێژیمە بەرانبەر بە داوا رەواکانی نەتەوەکانی وەک کورد و بەلووچ و ... ناگۆڕدرێ و حەسەن رووحانی درێژەپێدەری سیاسەتە چڵکنەکانی ئەو رێژیمەیە.
نزیکەی٤٢ کەس لە رۆڵەکانی ئەم وڵاتە حوکمی ناعادڵانەی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە و هەر وەک چەند رۆژ لەمەو پێش حوکمی سێ کەس لەو زیندانییانە جێبەجێ کرا و مەترسیی جێبەجێکردنی ئەم حوکمە بۆ باقی گیراوانی‌تریش لەئارا دایە.

هەروەها خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان لەو بەیاننامەیەدا پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان راگەیاندووە و داوایان لە سەرجەم حیزب، رێکخراوم کۆمەڵە مەدەنییەکان، پارێزگاران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان پشتگیری ئەو مانگرتنە بکەن.
کۆمەڵێک حیزب و رێکخراوی سیاسی و چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەوانی داوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە رۆژی ١٢ی خەزەڵوەر دەکەن.