کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکاری کورد و پرسی نەتەوەیی/ وتووێژ لەگەڵ دیلان هەردی

12:09 - 31 جۆزەردان 2722

وتووێژ: بێهزاد قادری

کێشە نەتەوەییەکانی گەلی کورد هێشتا چارەسەر نەکراون و لەمبارەوە تاک بە تاکی ئێمە دەبێ ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆمان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێ بگەیەنین تاکوو چیدی لە چوارچێوەی دەوڵەت و نەتەوەیەکی دیکەدا پێناسە نەکرێین. لەم نێوانەدا خوێندکاری کورد وەک بەشێک لە چینی خوێندەواری کۆمەڵگە لەهەمبەر پرسە نەتەوەییەکانی کورد زۆرتر لە خەڵکی ئاسایی بەرپرسە و دەبێ زیاتر لە هەمووان هەوڵی خۆی بدات.

لەم وتووێژەدا لەگەڵ کاک "دیلان هەردی"، خوێندکاری دوکتورای زانستی سیاسی لە زانکۆی "لیل" لە وڵاتی فەرانسە، دەپەرژێینە سەر بابەتی "خوێندکاری کورد و پرسی نەتەوەیی":

- گرینگیی پرسە نەتەوەییەکان بۆ گەلی کورد چییە و لەو نێوانەدا خوێندکاری کورد چ ئەرکێکی لەسەر شانە؟

کورد لەو دەگمەن نەتەوانەیە کە کێشە نەتەوەییەکانی بەبێ چارەسەری گواستراونەتەوە بۆ سەدەی بیست و یەکەم، لە حاڵێکدا دەبوایە لە سەدەکانی پێشوودا چارەسەر کرابان. لە سەردەمی ئێستادا ئەگەر نەتەوەیەک خاوەن دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەیی دیاریکراو نەبێت، بە ناچاری لە چوارچێوەی دەوڵەت و نەتەوەیەکی دیکەدا پێناسە دەکرێت، چونکە یاسا و ڕێسا جیهانییەکان و نەزمی نوێی جیهان لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی و سنوورەکان ڕێک خراوە. تاکی کورد کە ئەو وێنەیە لە جیهان دەبینێت، دەزانێت کە نەتەوەی بێ دەوڵەت چ واتایەکی هەیە. بۆیە ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات کە بۆچی پرسی کورد تا ئێستا چارەسەر نەبووە؟ لەو نێوەدا، خوێندکاری کورد کە بەشێکە لە چینی خوێندەوار و ئاکادێمی، زیاتر لە خەڵکی ئاسایی دەچێتە نێو ناوەرۆکی بابەتەکەوە و هەوڵ دەدات بە دوای دۆزینەوەی وڵام و هۆکارەکان وهەروەها چارەسەریشدا بگەڕێت. ئەو بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت کە لەلایەک بە دوای هۆکارەکاندا بگەڕێت و لەلایەک هەوڵ بدات ڕۆشنگەری لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. خوێندکاری کورد پێویستە هەم خۆی گرینگی بە سیاسەت بدات و هەم وا لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیش بکات کە گرینگی بە سیاسەت بدەن. سیاسی نەبوونی کۆمەڵگە و گرینگی نەدان بە سیاسەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبێتە هۆی ئەوەی پرسی کورد هەروا بە چارەنەکراوی بمێنێتەوە و داگیرکەر بە ئاسانی پیلانەکانی بۆ تواندنەوەی کورد پیادە بکات. بۆ ڕاکێشانی کۆمەڵگە بۆ نێو سیاسەت پێویستە باسە سیاسییەکان لە کۆمەڵگەدا بهێندرێنە بەر باس و تاکەکان لە کردە سیاسییەکاندا بەشداری بکەن. خوێندکاری کورد کەسێکی شیاوە بۆ ئەو کارە.

- چینی خوێندکار لە پرۆسەی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی و پێشەنگبوونیان لە کۆمەڵگەدا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟

خوێندکار بەشێکە لە نوخبەی داهاتووی کۆمەڵگە و ڕۆڵی پێشەنگ لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا دەگێڕێت. بە تایبەت ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە نەتەوەوە هەبێت. ئەگەر قوتابی لە قوتابخانە ناچارە لەژێر کاریگەریی سیستەمی خوێندنی داگیرکەردا بێت و هەم لە ڕووی تەمەن و هەم لە ڕووی تواناییەوە ناتوانێت لە چوارچێوەی ئەو دەرسانە دەربچێت کە سیستەمی خوێندن بۆی دیاری کردووە، بە پێچەوانەوە، خوێندکاری زانکۆ خۆی بە دوای زانستدا دەگەڕێت و خۆی هەڵدەبژێرێت کە چ بخوێنێت و چ بخوێنێتەوە. ئەوە بەو واتایەیە کە مێشکی خوێندکار بە ئاسانی لەلایەن سیستەمەوە داگیر ناکرێت، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتنی چینی خوێندکار و دواتر کۆمەڵگە. چونکە خوێندکار لە کۆمەڵگەدا دەژی و کۆمەڵگەش ڕێزی تایبەت بۆ خوێندکار دادەنێت و گوێ لە بیر و بۆچوونەکانی دەگرێت. هەر خوێندکارێک لە هەر بوارێکی زانستیدا کە بخوێنێت، کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت و بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە هەموو بوارێکی خوێندن پێویستە، چونکە هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە لێک گرێ دراون، بواری زانستی، ئابووری، پیشەسازی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەدەبی و هەموو ئەوانی دیکە گرێدراوی پرسی نەتەوەیین. لەو نێوەدا، ئەرکی خوێندکارانی زانستە مرۆییەکان زیاترە، چونکە ڕاستەوخۆ بواری خوێندنەکەیان پەیوەندیی بە کۆمەڵگە و ڕای گشتی و هزری تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، هەر بۆیەش ڕێژیمی ئێران هێندە بەو بوارە هەستیارە و بە توندی کۆنترۆڵی دەکات. وشیاریی نەتەوەیی لە هەموو جیهان بەرهەمی گەشەی عەقڵ و زانستە کە لە هەموویاندا خوێندکار بە بەرهەمهێنانی زانست و هزر پێشەنگ بووە. خوێندکار هزر بۆ کۆمەڵگە بەرهەم دێنێت و پرسیار لە مێشکی تاکەکاندا دروست دەکات و پرسە سەرەکییەکان کە گرینگترینیان پرسی نەتەوەییە دەورووژێنێت.

- چالاکی خوێندکاریی کورد بۆ گۆڕینی هەستی نەتەوەیی بۆ بیری نەتەوەیی دەبێ چی بکات؟

پرسی نەتەوەیی کورد پرسێکی ئاڵۆزە و لە چوارچێوەی نەزمی نوێی جیهانیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەوڵی ئاڵۆزترکردنی دەدرێت، لە هەمان کاتیشدا هەستی نەتەوەیی لە کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوەیی، دەوڵەتی داگیرکەریش هەوڵ دەدات پرسی کورد بەلاڕێدا ببات. بۆ ئەو مەبەستەش دەیهەوێت کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستی نەتەوەییەوە دابەزێنێت بۆ ئاستی کولتووری زمانی و زاراوەیی. واتە دەیهەوێت لە هزری تاکی کورددا هەندێک دەمارگرژیی زاراوەیی و ناوچەیی و کولتووری دروست بکات و جێگەی هزری نەتەوەیی پێ بگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە خوێندکار و لە زانکۆکان کەڵک وەردەگرێت و کۆمەڵێک کەسی نزیک لە خۆی وەکوو شارەزا زەق دەکاتەوە تا دژایەتیی هزری نەتەوەیی بکەن. لێرەدا دیسان خوێندکاری کورد ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت،  کە ئەویش بەرهەمهێنانی هزری نەتەوەییە لە ڕێگەی تیۆریزەکردنی پرسی نەتەوەیی کورد بە شێوەی ئاکادێمی. جگە لەوە هەر خوێندکارێک بە تایبەت لە بواری زانستە مرۆییەکان، پێویستە ئاگادار بێت و نەکەوێتە داوی ئەو نووسین و توێژینەوانەی کە بە مەبەستی دابەزاندنی پرسی نەتەوەیی بەرهەم هاتوون. چونکە بەشێکی توێژینەوەکانی زانکۆکانی ئێران سەبارەت بە کورد بەرهەمی داگیرکەرن کە تێیدا کورد وەکوو نەتەوە ناهێننە ئەژمار.  خوێندکاری کورد پێویستە بۆ توێژینەوەکانی پشت بە سەرچاوەگەڵێک ببەستێت کە دوور بن لە هزری داگیرکەر.

- چالاکانی خوێندکاریی کورد بۆ ورووژاندنی پرسە نەتەوەییەکانی کورد لەنێو خویندکارانی کورد و زانکۆکانی کوردستان دەبێ چی بکەن؟

هەر خوێندکارێکی کورد پیویستە هەوڵی خۆ ڕێکخستن لەگەڵ ئەو خوێندکارانە بدات کە کار لەسەر پرسی نەتەوەیی دەکەن، چونکە هەر چالاکییەک بۆ سەرکەوتن پێویستی بە ڕێکخستنە. ڕێکخستنی خوێندکارانی کورد لەنێو زانکۆکاندا فاکتەرێکی بەهێزە و کاریگەرییەکانی پێشتر بینراون. خۆ ڕێکخستنی خوێندکاران لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی خوێندکاریی نەتەوەیی، یان ئەنجومەنێک دەتوانێت خوێندکارانی کورد لە پەرش و بڵاویی هزری دوور بخاتەوە و پێشەنگ بێت بۆ ئەو کەسانەی لە قوتابخانە و لەژێر سیستەمی پەروەردەی داگیرکەرەوە دەچنە زانکۆ. هەروەها دەتوانێت فاکتەرێکی سەرەکی بێت بۆ ئاراستەکردنی خوێندکاران لە بەرهەمهێنانی هزر و زانست و هەڵبژاردنی سووژەی کۆتایی خوێندنەکەیان وەکوو ماستەر و دوکتورا. خۆ ڕێکخستن لە چوارچێوەی پرسی نەتەوەیی لەنێو زانکۆکانی سەرانسەری کوردستان و ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێندکارانی کورد بە تایبەت لە بەشی زانستە مرۆییەکان سەرچاوە زانستییەکانی یەکتر بە کار بێننەوە و پشت بە سەرچاوەی کەسانی گوماناوی نەبەستن. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا زۆرێک لە خوێندکارە کوردەکان بۆ وەدەستخستنی سەرچاوە، پشت بەو سەرچاوانە دەبەستن کە لە دەرەوەی وڵات بەرهەم هاتوون و بیر و هزری داگیرکەر بەسەریاندا زاڵ نییە.

- چالاکانی خوێندکاریی کورد بۆ ورووژاندنی پرسە نەتەوەییەکانی کورد لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان، چەندە دەتوانن کاریگەر بن؟

چالاکی خوێندکاری تاکێکی کۆمەڵگەیە و لە کۆمەڵگەدا دەژی و کاریگەریی چالاکییەکانیشی ڕاستەوخۆ لەسەر کۆمەڵگە دیارن. چالاکی خوێندکاری پێویستە پاڵپشتی ویستی کۆمەڵگە بێت. کە باس لە ویستی کۆمەڵگە دەکرێت، تەنیا لە مافی نەتەوەییدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو جۆراوجۆرن، لە مافی کرێکارێکەوە بگرە تا ویستێکی سیاسی. لە ئێستادا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی زۆرینەی خەڵکی کوردستان گیرۆدەی کێشەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی یان سیاسییە. لەوانەیە ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، خەڵک سەرقاڵ بکەن و ڕێگر بن لەوەی پرسە نەتەوەییەکان بورووژێن. چونکە هەوڵدان بۆ ژیان و بۆ نان مەجالی ئەوە ناهێڵێتەوە تا خەڵک بیر لە پرسی سیاسی و نەتەوەیی بکەنەوە. لێرەدا ڕۆڵی خوێندکار بەرجەستە دەبێتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی مەجالی خوێندنەوە و بیرکردنەوەی لە خەڵکی دیکە زیاترە. چالاکی خوێندکاری هەوڵ دەدا هەموو ئەو کێشانەی کۆمەڵگە لەژێر چەتری کێشەی نەتەوەییدا کۆ بکاتەوە، واتە ئەو تێگەیشتنە لە کۆمەڵگەدا بەرهەم بێنێت کە هۆکاری هەموو کێشەکان دەسەڵاتی داگیرکەرە. ئەگەر بۆ وێنە کۆڵبەرێک و کاسبکارێک و بازاڕییەک ناتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن و پێیانوایە بیرکردنەوە لە کێشەی نەتەوەیی لە ڕیزبەندی یەکەمی نیگەرانیی ڕۆژانەیاندا نییە، چالاکی خوێندکاری دەتوانێت ئەوەیان بۆ بسەلمێنێت کە هۆکاری ژیانی سەختی ئەوان هەڵاواردنە کە داگیرکەر لەسەر گەلی کوردی پەیڕەو دەکات. واتە ئەو قەناعەتە دروست بکات کە هەموو کێشەکان لە کوردستان بەهۆی داگیرکارییەوەیە و چارەسەری پرسی نەتەوەیی دەتوانێت چارەسەری پرسی ئابووریش بێت. هەروەها چالاکی خوێندکاری پێویستە لە هەموو ناڕەزاییەتییەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە دژی حکوومەت بەشدار بێت، چ بە خۆپیشاندان و چ بە پشتیوانیی سەمبۆلیک. ئەوەش لەبەر ئەوەی چالاکانی خوێندکاری متمانە لەلای چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دروست بکەن و کێشەکانی کۆمەڵگە بە کێشەی خۆیان بزانن و ئاراستەی دروستیان پێ بدەن و لە ڕووی هزرییەوە دەوڵەمەندیان بکەن.

- خوێندکارانی کورد بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی پرسە نەتەوەییەکانی کورد و پرسی شوناسخوازیی کورد، دەبێ چۆن هەڵوێست بگرن؟

هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ کرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی هزری نەتەوەیی لە کوردستاندا، ڕێژیمی ئێران کە ناتوانێت پێش بەو هزرە بگرێت، هەوڵ دەدات بە لاڕێیدا ببات. ئەرکی چینی خوێندکار دروستکردنی گوتارێکی نەتەوەییە کە بتوانێت چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە لە دەوری خۆی تەیار بکات. ئەو گوتارە پێویستە سادە و ڕوون و ئاشکرا بێت کە لە ڕووی دەروونییەوە بتوانێت قەناعەت بە تاکەکانی کۆمەڵگە بکات و لە ئەنجامدا بتوانێت ڕووبەڕووی پیلانەکانی حکوومەت ببێتەوە. واتە کاتێک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ بەلاڕێدابردنی هزری نەتەوەیی پیلانێک پیادە دەکرێت، بەر لەوەی ئامانجی خۆی بپێکێت، خوێندکاری کورد دەتوانێت مەبەستەکانی پشتی ئەو پیلانە بۆ کۆمەڵگە شی بکاتەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکە لە ڕووی هزرییەوە ئامادەیان بکات، چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگە لەبەر سەرقاڵبوون بە ژیانی سەختی ڕۆژانەی خۆیان مەجالی بەدواداچوونیان نییە و ناتوانن بە وردی بچنە نێو ناوەرۆکی بابەتەکانەوە.

- چالاکانی خوێندکاریی کورد کە نەتەوەیی بیر دەکەنەوە، بۆ پەروەردەی نەتەوەیی ئەو خوێندکارە کوردانەی کە تازە دەچنە زانکۆکانەوە، دەبێ چی بکەن؟

کەسێک کە تازە لە قوتابخانەوە دەچێتە زانکۆ و خاوەنی هەستی نەتەوەییە، پێویستە وەکوو هەر تاکێکی دیکە یارمەتیت بدرێت تا بەشداری باسە سیاسییەکان ببێت. هەروەها ئەگەر بیهەوێت چالاکی بکات، لە دوو ڕووەوە پێویستە هاوکاریی بکرێت: یەکەم لە ڕووی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەوە پێویستە لەلایەن چالاکانی خوێندکارییەوە لە بواری خۆیدا ڕێک بخرێت و لە بەهرەکانی کەڵک وەرگیرێت. دووهەم لە ڕووی زانستییەوە لە خوێندکارە کوردەکانی دیکە گرێ بدرێت و تۆڕێکی بەهێزی زانستی لەنێوانیاندا دروست ببێت. بە تایبەت ئەگەر لە بواری زانستە مرۆییەکاندا دەخوێنێت، لە ڕووی سەرچاوە و بابەتی ئاکادێمی هەڵبژاردنی سووژەوە هاوکاری بکرێت. دروستبوونی تۆڕێکی بەهێز لەنێوان خوێندکارە کوردەکان دەتوانێت گوتاری نەتەوەیی لەنێو خوێندکارە کوردەکان و زانکۆکانی کوردستان زاڵ بکات، کە ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و هەروەها زانکۆکانی ئێران.