بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی شەهیدانی "ڤییەن" لە وڵاتی "بریتانیا" خۆپیشاندانێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەو شەهیدانە لەبەر دەرگای باڵوێزخانەکانی ڕژیم ئیسلامیی ئیران و ئۆتریش بەڕێوە چوو.
سەڕەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتە لەلایەن "فەرید دێهیم" خوێندرایەوە.
ناوبرا لە وتەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران دوکتور "قاسملوو"یان تەنیا لە گەلی کورد نەستاند بەڵکوو لە هەموو گەلانی ئێران و ناوچەکەیان ستاند. چوونکە ڕۆڵی دوکتور "قاسملوو" لە ناوچه و بە تایبەت لە ئێران و بە گشتی لە ڕۆژهەڵات دیار و بەرچاو بوو.
دوای وتەکانی "فەرید دێهیم" خۆپێشاندەران بە زمانەکانی "کوردی، فارسی و ئینگلیسی" دروشمیان دەدا و نەفرەتی خۆیان سەبارەت بە ئەو ڕێژیمە دەربڕی و بەرەو باڵوێزی "ئۆتریش" وەڕێکەوتن.
بەهۆی بەشداربوونی بەرچاوی ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکرات شەقامەکانی نێوان باڵوێزخانەی ڕێژیمی "ئێران و ئۆتریش" بەسترا.
لە بەردەرکەی باڵوێزخانەی "ئۆتریش" پەیامی کۆمیتە بە زمانی "ئینگلیسی" لەلایەن "ئاریاکۆ ڕەحیمی"،خوێندرایەوە کە پەیامێک بوو بۆ دەوڵەتی "ئۆتریش".
لەو پەیامەدا بە دەوڵەتی "ئوتریش" ڕاگەیەندرا کە هەتا دادگایەکی دادپەروەرانە سەبارەت بە دۆسیەی تێرۆری شەهیدانی "ڤییەن" بەڕێوە نەچێ ئەو دوسیەیە لەلایەن کورد بەدواداچونی بۆ دەکرێ و خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن.
لە کۆتاییدا خۆپێشاندەران پەیمانیان لەگەڵ شەهیدانی "ڤییەن" نوێ کردەوە.