کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی ئێران لە شاری نۆرنبێرگی ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:19 - 30 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانان لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات بەنیسبەت بەردەوامیی بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و بەزاندنی سنوورەکانی ئەو هەرێمە، لە شاری "نۆرنبێرگـ"ـی ئاڵمان گردبوونەوەیەک لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی "پێکەوە ژیانی کورد و ئاڵمانی" بەڕێوە چوو.

لە گردبوونەوەکەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆرنبێرگ و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب چالاکانە بەشدارییان کرد و لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکە ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا.

 لەو گردبوونەوەیەدا ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری بە زمانەکانی کوردی و ئاڵمانی لەلایەن ''خەلیل عەبدوڵڵاهی'' و  "یەعقووب مورادیـ''ـیەوە پێشکەش کرا.

پاشان ''کارۆ غەفاری" ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وتارێکی بە زمانی ئاڵمانی لەسەر هێرش و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و دروشم لە دژی ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ هات.