کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە ئاڵمان دژ بە ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

11:22 - 30 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک لە ئاڵمان، لەلایەن کومیتەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی هاوکاریی ئێرانی-ئاڵمانی، بەمەبەستی مەحکووم کردنی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکراین بە دەستی سپای تێرۆریستیی پاسداران و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بەفرانبار، لە شاری "شتووتگارت"ـی ئاڵمان، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی مەحکووم کردنی خستنەخوارەوەی فرۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە تاران و هەروەها، بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن کومیتەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی هاوکاریی ئێرانی-ئاڵمانی بەڕێوە چوو.

کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "شتووتگارت"ـی ئاڵمان، ڕۆڵێکی بەرچاوی لەو خۆپیشاندانەدا گێڕا و ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەشدارییان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە و دواتر چەندین پەیام و دروشم بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی خوێندرایەوە.

 ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینیی بووئینگی ٧٣٧ی بە دوو مووشەک کردە ئامانج و لە ئاکامدا نزیکەی ١٨٠ قوربانیی لێکەوتەوە کە، ١٢ کەسیان "کورد" بوون.

 ئەو جەنایەتەی ڕێژێم دەرهەق بە خەڵکی بێتاوانی ئەو فرۆکەیە لە ئاستی ئێران و دەرەوە نارەزایەتی لێکەوتەوە .