کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە ئاڵمان دژی ڕێژیمی تاران بەڕێوەچوو

18:14 - 2 خەرمانان 2720

خۆپیشاندانێک لە وڵاتی ئاڵمان بەبۆنەی ساڵیادی فتوای بەدناوی  جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان لەلایەن کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی خەرمانان خۆپیشاندانێک لەلایەن ناوەندی چالاکانی ڕێگای ئازادیی ئێران و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەردەم شارەوانیی هامبورگ بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا  "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی  ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا  وتارێکی پێشکەش کرد و دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە.

نەقشبەندی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە فتوای جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد کرد و باسی لەوە کرد: "کاتێک خومەینی لە ساڵی ١٣٥٧ بە فێڵ توانی دەست بە سەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا بگرێت، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی خۆی، بە هێرشکردنە سەر کوردستان ماهیەتی دژە دێموکراسی  و ئینسانی خۆی پیشانی خەڵکی  ئێران و جیهاندا. لەکاتێکدا گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە پێکهێنانی هەیئەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی بە ڕێگەی ئاشتییانە سەرقاڵی وتووێژ بوو، ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت خومەینی ڕێبەری ئایینیی ڕێژیم بە دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژی گەلی کورد لە هاوینی ١٣٥٧ ڕژانی خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و سەر و ماڵ و گیانی بە حەڵاڵ دانا و بە سەدان هەزار کەس لە سپای ڕێژیم لە سێ لاوە پەلاماری کوردستانیان دا و بە هەزاران لە خەڵکی بێ دیفاع و ژن و منداڵیان شەهید کرد و شەڕیان بەسەر گەلی کورددا سەپاند کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.

شەهریار نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا کوشتاری زیندانییانی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بە بیر هێنایەوە و لەو بارەوە باسی لەوە کرد: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی جینایەتەکانیدا، بە تەنیا بە فتوای جیهاد دژی کورد و خولقاندنی ئەو هەموو تاوانە سامناکانە لە کوردستان نەوەستاوە، لە زۆر ڕۆژ و کاتی دیکەدا کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، کردەوەگەلی سامناکتر وەک ئێعدامی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ کە زۆربەی ئەو کەسانە بە بێ دادگاییکردن حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو، ژمارەیەکیان ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردبوو، بەڵام بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵکی ئێران و پەردەپۆشکردنی شکستەکانی بە هەزارانی لێ ئێعدام و گولــلەباران کردن.

تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەدان لە  کادر و پێشمەرگەی کوردستان و باقی چالاکانی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران، گرتن و ئێعدامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ژینگە پارێزان، ڕۆژنامەوانان و تەنانەت بە ئامانج‌گرتنی کەمپی پەنابەرانی کورد لە کوردستانی باشوور بە مووشەکی بالستیک، ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردان لە سیاسەتی نێوخۆیی وڵاتان، پشتیوانی لە تێرۆریزم و دروستکردنی مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی جیهان و سەدان نموونەیەکی دیکەی تاوانی ئەو ڕێژێمەیە کە ڕۆژانە بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێن.

نەقشبەندی لە کۆتا بەشی قسەکانیدا، بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران کردەوە و ڕایگەیاند:" حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی حەفتا و پێنج ساڵ خەبات و تێکۆشاندا، لەپێناو دێموکراتیزەکردنی وڵات و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران، خاوەنی کاروانی پڕ لەسەروەری، فیداکاری و قوربانیدانە و لەسەر بەجێگەیاندنی بەڵێنییەکانی بە خوێنی گەشی شەهیدان لە هەموو کاتێک گەشبینترە بە هاتنەدی ئامانجە پیرۆزەکانی و لەسەر درێژەپێدانی ڕێبازی شەهیدان مەکوڕترە."