کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە سویس بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

11:26 - 11 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی نیۆخۆی وڵات و بە ئامادەبوونی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، خۆپیشاندانێک لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شاری بێڕنی وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکە وتارێک لەلایەن "ڕاسان نەجمی" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی سویس خۆیندرایەوە.

ناوبراو باسی لە نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاری کرد. "نەجمی" ئاماژەی بە زوڵم و زۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تایبەت ستەم لە نەتەوەکانی ئیران کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد، خەڵكی ناڕازی بەهۆی ناعەداڵەتی و کێشە و گرفت ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

"نەجمی" داوای لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە سەرکوت و کوشتی خۆپیشاندەرانی ئەحواز لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکەن.

لە بەشی کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا "ئەنوەر بەردی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران لە وڵاتی سویس باسی دۆخی نیۆخۆی وڵات لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو و ڕاپەرینی گەلی کورد دژ به زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە نەتەوی کورد کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد، لە ئێستادا خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی پارێزگای ئەحواز بەردەوامه و ئەو خۆپیشاندانانە بەرەو شارەکانی دیکە وەک "تاران، تەورێز و کرماشان" و دەیان شاری دیکە تەشەنەی سەندووە.

"بەردیا" لە قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڕندانەترین شێوە هەوڵی دامرکاندنەوە و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان لە هیچ کردوەیەکی نائینسانی نەپاراستووە .

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی کردەوە، تەنیا ڕێگای ئازادیی گەلانی ئێران ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆیە دەبێ هەمو گەلانی ئیران یەکگرتوو بن تا بتوانن بەسەر ئەو ڕێژیمەدا سەر بکەون.